سەفین دزەیی: سەردانی شاندی وڵاتان بۆ کوردستان نیشانەی دەسکەوتی گەورەی حکومەتە

سەفین دزەیی دەڵێت، سەردانی شاندی وڵاتان بۆ کوردستان نیشانەی دەسکەوتی گەورەی حکومەتە
سەفین دزەیی دەڵێت، سەردانی شاندی وڵاتان بۆ کوردستان نیشانەی دەسکەوتی گەورەی حکومەتە

K24 - هەولێر

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانی شاندی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان نیشانەی دەسکەوتی گەورەی حکومەتە. ئاماژە بەوەش دەکات، "هەوڵدەدەین زۆرترین وەبەرهێنەری بیانی بێنینە هەرێمی کوردستان".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-01-2024، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەت لە هەولێری پایتەخت، رایگەیاند، لەرێگەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەوڵیانداوە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان لە دەستدرێژییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ئاگاداربکەنەوە.

بە گوتەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  هەوڵەکانیان لەگەڵ کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان کاریگەرییان هەبووە و بەشێک لەوڵاتان لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان کردووە.

سەفین دزەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، سەرباری لایەنی سیاسی، هەوڵدەدەن لە رێگەی کونسوڵخانەکانەوە زۆرترین وەبەرهێنەری بیانی رابکێشنە هەرێمی کوردستان. گوتیشی، "سەردانی بەرپرسانی باڵای وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان نیشانەی دەستکەوتی گەورەی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانە".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت راشیگەیاند، "بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس و بینی چەندان شاندی باڵای وڵاتانی جیهان گەواهیدەری ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە وەک بەشێک لە عێراق تایبەتمەندی خۆی هەیە."

بە گوتەی سەفین دزەیی، "کرانەوەی کوردستان بە جیهانی دەرەوە لە ساڵی 1991ـەوە وایکردووە نەوەی ئێستامان زیاتر ئاشنا ببن بە جیهانی دەرەوە و کۆمەڵێک دابونەریتی باش هاتوونەتە نێو کۆمەڵگەکەمان. هەڵبەتە دابونەریتی خراپیش هەبوونە؛ بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەرووی ئەکادیمی و زانستییەوە سوودێکی زۆرمان لێ بینیوە".

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش دا، "پێشتر قوتابییەکانمان لە هەرێمی کوردستان نەیاندەتوانی بچنە دەرەوە بۆ خوێندن، بەڵام ئێستا بە خۆشحاڵییەوە دەبینین ساڵانە سەدان گەنجی وڵاتەکەمان بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) دەچنە دەرەوە و خوێندەکەیان تەواو دەکەن. ئەمەش ئەنجامی کرانەوەی کوردستانە بە جیهانی دەرەوە."

وەکو ئەوەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت خستیەڕوو، "هەرێمی کوردستان هەرچەندە بەشێکە لە عێراق، بەڵام یاریکەرێکی سەرەکییە لەو یارییەی لە ناوچەکە دەکرێت".

سفین دزەیی گوتیشی، "ئەو هەوڵانەی لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ دراوە، هەنگاوێکی زۆر باشە و دەبێت فراوانتر بکرێت. بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتوودا کابینەکەش گۆڕا، پرۆسەکە هەر بەردەوام بێت".

بەیانیی ئــەمــڕۆ یەکــشــەممە، 28-01-2024، کاتــژمێر 10:00، بـە ئامادەبوونی مەسرور بـارزانی، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان، لـە هـەولێری پایتەخـت، سێیەمین کـۆنفرانسـی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.