مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ هیچ لایەک

هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ هیچ لایەک

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، "هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک، بەڵکوو هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامیی بووە لە عێراق و ناوچەکە".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێدا، لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ رەتیکردەوە هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسیی بووبێت بۆ سەر هیچ لایەک و، گوتی، "هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی درێژ کردووە".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە پێویستیشی دەزانێت، "بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاو بگیرێت و بپارێزرێ‌ و پێویستە سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێزی لێ بگیرێت و پێشێل نەکرێت".

بە گوتەی سەرۆکوەزیران، هەرێمی کوردستان "خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئامانجمان پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێز لەیەکترگرتن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی گوتی، "سەلماندوویەتی هاوبەشێکی گرنگ و کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لە چەندین بواردا، جێی بایەخی وڵاتانی جیهانە، بە تایبەتی کە هەرێمەکەمان ناوچەیەکی سەقامگیر و مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانە".

مەسرور بارزانی گوتی، "حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسیی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەک، کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتنی و ئاوەدانیی و سەقامگیریی کوردستان دروست بکەن، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بەسەر هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکان زاڵ دەبین، چونکە ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە. بۆیە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانمان نابین" .

بەیانیی ئــەمــڕۆ یەکــشــەممە، 28-01-2024، کاتــژمێر 10:00، بـە ئامادەبوونی مەسرور بـارزانی، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان، لـە هـەولێری پایتەخـت، سێیەمین کـۆنفرانسـی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

Fly Erbil Advertisment