عه‌توان عه‌توانی: پێویسته‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌كاتی خۆیدا مووچه‌ وه‌ربگرن

K24 – هەولێر:

عه‌توان عه‌توانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، چاوه‌ڕێی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ین له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه‌. ده‌شڵێت: "پێویسته‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ كاتی خۆیدا مووچه‌ وه‌ربگرن".

ده‌شڵێت: ده‌مانه‌وێت چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بدۆزینه‌وه‌.

راشیگه‌یاند، پێویسته‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌كاتی خۆیدا مووچه‌ وه‌ربگرن.

عه‌توانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، داوامانکردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم جێگیر بکرێت.

پێشتریش خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، "بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەردەدوام کۆسپ دروست دەکەن بۆ ئەوەی ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دوابکەوێت یان هەر نەنێردرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو کۆسپانەش، بڕە پارەکە لەم چەند رۆژەدا دەگات".

رۆژی 28-01-2024، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 618 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەژێر فشاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا بووە و وەزیری دارایی عێراقیش پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکە راگەیاندووە.

بە گوتەی سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، زۆر لایەن فشار لە ئەنجوومەنی وەزیران، خودی وەزیرەکان و دامودەزگا حکومییەکانی عێراق دەکەن تاکو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەبن.

رۆژی 18ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار بۆ  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.