بانکی ناوەندی عێراق ئەو بانکانە ئاشکرا دەکات کە لە پێدانی دۆلار بێبەش دەبن

بانكی ناوه‌ندی عێراق
بانكی ناوه‌ندی عێراق

K24 – هەولێر:

بانکی ناوەندی عێراق لیستی ئەو دامەزراوە و  بانکانە ئاشکرا دەکات کە لەمەودوا بێبەش دەبن لە بەشداریکردنی لە خستنەڕووی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق.

بە گوێرەی زانیارییه‌كانی بانکی ناوەندی عێراق، هەر یەکە لە بانکی هودا، بانکی ئیسلامی جنوب، بانکی عەرەبی ئیسلامی، بانکی حامورابی بازرگانی، بانکی وەبەرهێنانی عێراقی، بانکی ئیتیحادی عێراقی، بانکی ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی نێودەوڵەتی کوردستانی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان، لە لیستەکە دەبیندرێن.

راگەیاندنەکە لە کاتێکدایە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ماوەی رابردوو چەندین بانکی عێراقی خستووەتە لیستی سزاکان بە پاساوی چالاکییەکانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی خزمەتگوزاری نێودەوڵەتی.

رۆژی‌(29ـی كانوونی دووه‌می 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، بانکی هودای عێراقی تێوەگلاوە لە پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سوپای پاسداران و پەیوەندییەکانی ئەو بانکە لە سیستمی دارایی وڵاتەکەی دەپچڕێنێت.

هەروەها رۆژی (22ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغداد سەپاند و هەژمارە بانکییەکانی ئەو کۆمپانیایەی راگرت.

لە 19ی تەمموزی 2023 وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لیستی چواردە بانکی عێراقی بڵاوکردەوە ئاشکرای کرد، ئەو بانکانە چیتر بۆیان نییە مامەڵە بە دۆلار بکەن هۆکارەکەشی گەڕاندەووە بۆ ناردنی دۆلار لەو بانکانە بۆ ئەو لایەن و وڵاتانەی سزای ئەمەریکایان لەسەرە لە چوارچێوەی سپیکردنەوەی پارە. سزادانی بانکە عێراقییەکان گومانی بۆ بازاڕەکانی دراو هێنا، بەوەی رەنگە سزای بانکەکانی دیکەشی بەدواوە بێت، هۆکارێک بوو بۆ دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.