یونس سلێمان بۆ كوردستان24: هەڕەشەم لەسەرە

یونس سلێمان راهێنەری دەستلەكاركێشاوەی یانەی سۆران
یونس سلێمان راهێنەری دەستلەكاركێشاوەی یانەی سۆران

دوای دۆڕانی سۆران بەرامبەر دهۆك لە رێگەی کوردستان24ـەوە وازی لە راهێنەرایەتی یانەکە هێنا و چەند نهێنییەکی درکاند. 
ئەمڕۆ یەكشەممە، 11 شووباتی 2024، لە گەڕی نۆزدەیەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان یانەی سۆران لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی دهۆك لەو یارییەدا سۆران بە 2 گۆڵی بێوەڵام یارییەكەی دۆڕاند.
یونس سلێمان، راهێنەری سۆران راستەوخۆ دوای یارییەكە لە رێگەی كوردستان24 وازهێنانی لە راهێنەرایەتی یانەكە هێنا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات کارگێڕی یانەکە ئامادەکاریی باشیان بۆ قۆناغی دووەمی خولی نایاب نەکردووە.
لەمبارەیەوە یونس سلێمان بە كوردستان24ـی راگەیاند هەشت یاریزان لە یانەی سۆران رۆیشتووە و تەنیا چوار یاریزانیان هێناوە، یاریزانێکیان تووشی پێکان بووە، یەکێکیان تووڕەبووە و دوو یاریزانەکەی دیکەیش پەیوەندیان بە خولی عێراقییەوە کردووە، بۆیە بە دوازدە یاریزانەوە راهێنانیان کردووە و بەو شێوازەش ئەنجامی باش بەدەستناهێندرێت. 
راهێنەری  سۆران دەشڵێت: هۆکاری هەرە خراپ کاپتنی یانەکەیە، دوای ئەوەی لە یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر دهۆك دامنیشاند هەڕەشەی کوشتنی لێکردم. 
یونس سلێمان گوتیشی: بەمشێوەیە ناتوانم بەردەوام بم و دەستلەکاردەکێشمەوە، چونكە ئەوەی روودەدات كاریگەری زۆر لەسەر كەسایەتیم دروست دەكات، تەنانەت ئەگەر لەبەر دۆخی ژیان و گوزەرانم نەبێت هەرگیز لە خولی كوردستان راهێنەرایەتی ناكەم". 

یونس سلێمان راهێنەرێكی كوردی رۆژئاوای كوردستانە، پێشتر یاریی بۆ هەڵبژاردەی سووریا كردووە، راهێنەری پێشووی یانەكانی، كۆیە، چەمچەماڵ، نەورۆز، هەولێر و ئاكرێ بووە. لە قۆناغی دووەمی خولی نایابی كوردستان ئەركی راهێنەرایەتی سۆرانی وەرگرت، لە كۆی 4 یاری، هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكرد و هەر چوار یارییەكەی دۆڕاند.

.
.
.