20 ئاماری دەگمەن و رووداوی سەرنجڕاكێش لە خولی نایابی كوردستان

كڕنۆشی سوپاسگوزاری یاریزانانی سەیدسادق دوای گۆڵی یەكەمیان لە دژی برایەتی. یاریگەی سەیدسادق 11 شوباتی 2024
كڕنۆشی سوپاسگوزاری یاریزانانی سەیدسادق دوای گۆڵی یەكەمیان لە دژی برایەتی. یاریگەی سەیدسادق 11 شوباتی 2024

گەڕی نۆزدەیەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان بە كۆمەڵێك ئامار و رووداو كۆتایی هات، لە ماوەی دوو رۆژ 2 راهێنەر لە رێگەی كوردستان24 دەستلەكاركێشانەوەیان لە پۆستەكەیان راگەیاند، ژمارەی گۆڵەكان لەم وەرزە گەیشتە 310 گۆڵ، لەگەڵ 39 لێدانی پێناڵتی و 31 كارتی سوور.
یانەی چوارقوڕنە لەبەردەم هاندەرانی میوانداریی شێروانەی كرد و یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، هەردوو گۆڵەكەی یانە كەلارییەكە لە رێگەی عوسمان كەریم تۆمار كران، هەورۆ حەمەد و عومەر محەمەدیش گۆڵەكانی نوێنەرەكەی راپەڕینیان تۆمار كرد.
یەكسانبوونەكەی چوارقوڕنە و شێروانە سوودێكی گەورەی بە پێشمەرگەی هەولێر گەیاند، بەوپێیەی جیاوازی خاڵەكانی پێشمەرگە لەگەڵ شێروانەی پێشەنگ بۆ 2 خاڵ كەمبووەوە.
لە یارییەكی دیكەیشدا، سۆران لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی دهۆك، زیاد ئەحمەد هێرشبەری یانەی دهۆك لە ماوەی 4 خولەك 2 گۆڵی لە نیوەی یەكەم تۆمار كرد، هەردوو گۆڵەكەش بە ئاسیستی رێباز رەحیم بوو.
لە دێربی شاری هەولێر، هەندرێن میوانداریی ئاراراتی كرد، یارییەكەش بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، هەردوو گۆڵەكە لە نیوەی دووەم تۆمار كران، گۆڵەكەی ئارارات لە رێگەی سەفەر سلێمان بە لێدانی پێناڵتی بوو، گۆڵی بەرامبەریش دیار عەلی بە بەلێدانی سەر لە خولەكی 67 تۆماری كرد.
یانەی برایەتی شاری هەولێریش بۆ رووبەڕبوونەوەی سەیدسادق سەردانی شارەزووری كرد، یارییەكەش بە 2 گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی سەیدسادق كۆتایی هات، گۆڵەكانیش لە لایەن یادگار ئیبراهیم و نەجمەدین عوسمان تۆمار كران.

دیارترین ئامارەكانی خولەكە
1ـ ژمارەی گۆڵەكان لەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان لە 152 یاری گەیشتە 310 گۆڵ، لە نیوەی یەكەم 125 گۆڵ كراون، لە نیوەی دووەمیش 185 گۆڵ. رێژەی گۆڵ بۆ هەریارییەك 2.03
2ـ ژمارەی گۆڵەكان لە كاتی زیادكراوی یارییەكان لەم وەرزە گەیشتە 27 گۆڵ.
3ـ ژمارەی گۆڵەكان بە لێدانی پێناڵتی گەیشتە 39 گۆڵ.
4ـ ژمارەی كارتە سوورەكان لەم وەرزە گەیشتە 31 كارتی سوور، لەگەڵ 643 كارتی زەرد
5ـ شەقڵاوە و سەیدسادق تا ئێستا لێدانی پێناڵتیان بۆ نەگیراوە.
6ـ ئاكرێ زۆرترین لێدانی پێناڵتی بۆ گیراوە، 7 پێناڵتی، 3 لێدانی بەفیڕۆ داوە.
7ـ پێشمەرگەی هەولێر دووەم یانەیە 5 پێناڵتی بۆ هەژمار كراوە، 2 لێدانی بەفیڕۆ داوە.
8ـ ئارارات تاكە یانەیە 3 لێدانی پێناڵتی بۆ هەژمار كراوە هەر لێدانەكەی كردووەتە گۆڵ.
9ـ دانا كامەران هێرشبەری پێشمەرگەی هەولێر بە 11 گۆڵ لوتكەی گۆڵكارانی گرتووە.

دیارترین ئامار و رووداوەكانی گەڕی نۆزدەیەم
1ـ هەژار سابیر دەستی لە راهێنەرایەتی یانەی ئاكرێ كێشایەوە، بەڵام كارگێری یانەكە ڕەتیان كردەوە.
2ـ یونس سلێمان راهێنەی سۆران وازهێنانی لە راهێنەرایەتی یانەكەی راگەیاند.
3ـ یونس سلێمان بۆ دووەمجار لەم وەرزە لەگەڵ دوو یانەی جیاواز ئاكرێ و سۆران دەستلەكاردەكێشێتەوە.
4ـ چوارقوڕنە بووە یەكەمین یانە لەم وەرزە شەش یاریی لەسەریەك تووشی یەكسان بێت.
5ـ ئاكرێ بۆ یەكەمجار لەژێر سەرپەرشتی هەژار سابیر شەش یارییە تامی سەركەوتنی نەكردووە.
6ـ میران محەمەد ناوەراستكاری دەربەندیخان لە یەكەمین یاری بەرامبەر یانەكەی پێشووی گۆڵی لە سیروانی نوێ كرد.
7ـ یادگار ئیبراهیم هێرشبەری سەیدسادق ژمارەی گۆڵەكانی لەم وەرزە گەیاندە 9 گۆڵ.
8ـ سەیدسادق دووەمین یارییە لەسەریەك لە نێو یاریگەی خۆی لەگەڵ ئەرسەلان جەلال سەركەوتن تۆمار دەكات.
9ـ عومەر محەمەد لە یەكەمین یاریی دوای گەڕانەوەی لە پێكان لەگەڵ هاتنە نێو یاریگە گۆڵی لە شێروانە كرد.
10ـ عوسمان كەریم یاریزانی یەدەگی شێروانەیە، بەرامبەر چوارقوڕنە بە سەرەكی یاریی كرد و 2 گۆڵی تۆمار كرد.
11ـ دیار عەلی ناسراو بە حەمكە گۆڵی هەشتەمی لەم وەرزە تۆمار كرد.

چوارقوڕنە
0
.
.