جێگری پارێزگاری هەولێر: نزیکەی 130 ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پرۆژە تەرخان دەکرێت

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر

K24 - هەولێر

جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەو پڕۆژانەی کە بۆ پاریزگای هەولێر تەرخانکراوە بە نافەرمی پێمان دراوە نزیکەی 130 ملیار دینار تەرخان دەکرێت لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، کە ئەوە بەشی پارێزگای هەولێرە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی شوباتی 2024، مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو پڕۆژانەی کە بۆ پاریزگای هەولێر تەرخانکراوە بە نافەرمی پێمان دراوە نزیکەی 130 ملیار دینار تەرخان دەکرێت لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، کە ئەوە بەشی پارێزگای هەولێرە شارەکانی دیکەش هەمان بەشییان هەیە.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: "ئەو پڕۆژانەی ئێمە دابەشمان کردووەتە سەر هەموو قایمقامییەتەکان کە نۆ قایمقامیەت دەگرێتەوە، لە سەنتەری شار، خەبات، شەقڵاوە، کۆیە، مەخموور، عەینکاوە، قوشتەپە، دەشتی هەولێر و پیرمام، بەپێی ژمارەی دانیشتوان، هەر شارۆچکەیەک ژمارەی دانیشتوانی چەند بێت بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پڕۆژەی پێشکەش دەکرێت. هەورەها قایمقامییش لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆی ئەو بودجەیەی لەبەر دەستییەتی دابەشی دەکاتە سەر شارۆچکەکان لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆژەکان هەڵدەبژێردرێن".

مەسعود کاڕەش گوتیشی: "قایمقام و یەکە ئیدارییەکان کامە پڕۆژەیان بەلاوە گرنگ بێت، لە قوتابخانەیە، بنکەی تەندروستییە، رێگاوبان کە هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە ئەوەیان بۆ دروست دەکرێت. ئەگەر بێتو باس لە قەزای ناوەند بکەین لەسەر پڕۆژەکان ئاو و ئاوەڕۆ، دروستکردنی شەقام، رێگا، نەخۆشخانە، تەندروستییە و ئاودێرییە لەگەڵ کارەبا. بەپێی گرنگی پڕۆژەکە.

جێگری پارێزگار راشیگەیاند، هەنگاوی یەکەممان لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو شوێنانەی کە خزمەتگوزارییان کەمە بەتایبەت دەرەوەی شار کە گرنگییەکی زۆرمان پێداوە، وەک دارەتوو، بنەسلاوە، خەبات، توانیومانە پڕۆژەیان بۆ بکەین چونکە پڕۆژەیان تێیدا کەمبووە.

مەسعود کارەش ئەوەشیخستەڕوو: "بۆ ناو شاری هەولێر هەندێک پڕۆژەی گەورەمان بۆ دەستنیشان کردووە، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە کێشەی ترافیکی هەیە لەوانەش لای ترافیکی مامۆستا سەعد عەبدوڵڵا، کە بەنیازین لەو شوێنە ئۆڤەر پاس و ئەندەرپاسی بۆ دروست بکەین، لەگەڵ چوارڕیانی گوڵان کە دەکەوێتە سەر رێگەی عەینکاوە بەهەمان شێوە ئۆڤەرپاس و ئەندەر پاسی بۆ دروست دەکرێت".