مەسرور بارزانی سەردانی کارگەی زەیتی زەیتوونی راسانی کرد

مەسرور بارزانی سەردانی کارگەی زەیتی زەیتوونی راسانی کرد
مەسرور بارزانی سەردانی کارگەی زەیتی زەیتوونی راسانی کرد

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کارگەی زەیتی زەیتوونی راسانی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرد.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی زەیتی زەیتوونی راسانی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەسەرکردەوە.

کارگەیەکی زەیتی زەیتوونی راسان لە ساڵی 2018 دامەزرێندراوە و ئێستا کار بۆ فراوانکردنی دەکرێت. کارگەکە بووەتە فریادڕەسی بەرهەمی زەیتوونی بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

زیاتر لە 250 هاووڵاتیی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە کارگەی زەیتی زەیتوونی راسان سوودمەندن.

 

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگەی هەڵەبجە کرد و دوای  بەسەرکردنەوەی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوتی دانا.

لە ڕێورەسمەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانیش ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت لە ڕێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازارێکی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام جێی داخە، کە هەڵەبجە وەکو پێویست خزمەتی نەکراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری گشت شەهید و ئەنفالکراوانی کوردستان بزانین".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی گوتارەکەیدا گوتی: "خۆم زۆر بە خۆشحاڵ دەزانم ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە لە سنووری شاری شەهیدان، بەردی بناخەی ئەم پڕۆژە گرنگە دادەنێین. هەرچەندە بەداخەوە دەستکردن بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دواکەوت، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم ڕێگە و پردە سوودێکی زۆر بە خەڵکی ئەم دەڤەرە دەگات، بە تایبەتیش کە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و کاریگەرییەکی باشی لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەروەها بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزاريش دەبێت".