سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەڵەبجە هانی زیادکردنی بەرهەم و دەستی نێوخۆیی کارکردن دەدات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرۆژەکانی هەڵەبجە بەسەردەکاتەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرۆژەکانی هەڵەبجە بەسەردەکاتەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی كارگەی زەیتی زەیتوونی راسانی لە پارێزگای هەڵەبجە بەسەركردەوە، كارگەكە یەكێكە لە زنجیرە پرۆژەكانی راسان كە لە سێ پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی پێكدێن.

پرۆژەكان لەچوارچێوەی گرنگیدانی حكومەتی هەرێمی کورستانە بە بەرهەمی ناوخۆیی و ئاسانكاریكردن بۆ جوڵەی بازرگانی و گەشتوگوزار و وەبەرهێنان لە پارێزگای هەڵەبجە. جیالەوەش هاندان و بووژانەوەی بەرهەمی خۆماڵییە بە سوود وەرگرتن لە توانا و هێزی كاری ناوخۆیی و هەنگاونان بە ئاراستەی خۆبژێوی لە هەموو سێكتەرەكان.

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە یەكەم سەردانیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستی پڕەوە سەردانی پارێزگاكەی كرد و جیا لە دانانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی لە پارێزگای هەڵەبجە، سەردانی زنجیرە پرۆژەكانی راسانی كرد.

زنجیرە پرۆژەكانی راسان لە سێ پرۆژەی سەرەكی و پێكدێن، کە یەکێکیان بریتییە لە پرۆژەی كێڵگەی ئاژەڵدرای و بەخێوكردنی بزنی سانین لەسەر رووبەری 16 دۆنم زەوی دروستكراوە.

بە تێكڕایی بە تەواوبوونی هەموو هێلەكانی، توانای بەخێوكردنی هەزار سەر بزنی سانینی هەیە و ئەم پرۆژەیە یەكێكە لە گرنگترین پرۆژەكانی بەرهەمێنانی شیری فرێش لە هەرێمی كوردستان.

پرۆژەكانی دیكەش، كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون و كۆمەڵگەی خۆراكی و رۆنی راسانە، هەر دووپرۆژەكە پێكەوە لەسەر رووبەری 340 دۆنم زەوی دروستكراون.

كارگەی زەیتی زەیتوونی راسان رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 120 تۆن زەیتی زەیتوونی هەیە و  پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی خۆراكی و رۆنی راسان زیاتر لە 250 دەرفەتی كاریان رەخساندووە.

ئەو پرۆژانەی لە پارێزگای هەڵەبجە كراونەتەوە و ئەوانەشی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە نزیكەوە سەردانیكردوون، پرۆژی ستراتیژین و لە چوارچێوەی گرنگیدانی حكومەتی هەرێمی کوردستانە بە بەرهەمی ناوخۆیی و ئاسانكاریكردن بۆ جوڵەی بازرگانی و گەشتوگوزار و وەبەرهێنان لە پارێزگای هەڵەبجە.

هەروەها هاندان و بووژانەوەی بەرهەمی خۆماڵییە بە سوودوەرگرتن لە توانا و هێزی كاری نێوخۆیی، هەروەها هەنگاونانە بە ئاراستەی خۆبژێویی لە هەموو سێكتەرەكاندا.

رۆژی پێنجشەممە (22ـی شوباتی 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندێکی یاوەری لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد و بەردی بناخەی چەندین پرۆژەی دانا و چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی پارێزگاکەشی بەسەرکردەوە.