ئەمەریکا متمانەی بە داهاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا
ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جیهاندا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە. ئەمەش نیشانەی متمانەی واشنتنە بە داهاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

ئەمەریکا وەبەرهێنان لە داهاتووی پەیوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، هەر بۆیە دروستکردنی گەورەترین کونسوڵگەری جیهان لە هەرێمی کوردستان نیشانەی کاری پێکەوەیی و متمانەی ئەمەریکایە بەو هەرێمە لە داهاتوودا.

کونسوڵخانە نوێیەکەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان گەورەترین کونسوڵخانەیە لە رووی رووبەرەوە لە جیهاندا و لە شاری هەولێرە.

ساڵی 2017 فەرمانی دروستکردنی بۆ دەرچووە و بڕیاربوو لە ماوەی چوار ساڵدا تەواو بکرێت، تێچووی دروستکردنی زیاتر لە  600 ملیۆن دۆلارە و لە سەر رووبەری 200 هەزار مەتر دووجار لەسەر رێگەی هەولێر-شەقڵاوە بنیات دەنرێت. کۆمپانیایەکی ئەلبانی کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکە سەرپەرشتیی دروستکردنی باڵەخانەکە دەکات.

بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا؛ کونسوڵخانەکە لە کۆمەڵگەیەکی ئەمەریکی پێکدێت کە وادەکات دیپلۆماتکارە ئەمەریکییەکان زیاتر بە کولتوور و دابونەریتی هەرێمی کوردستان ئاشنابن. ئەوە لەگەڵ نووسینگەی تۆمارکردن، نیشتەجێکردن و پشتگیریکردن.

لە کاتی دانانەی بەردی بناغەی کونسوڵخانەکە لە نیسانی 2018، دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمەریکا لە عێراق گوتی، بەبەیاخەوە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڕوانن، کونسوڵخانەی نوێش دەبێتە خاڵی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا.

چاودێران باس لەوە دەکەن، هەبوونی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئەمەریکا بەناوچەکە و مانەوەی بۆ ماوەیەکی دووردرێژ لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا سەلماندوویەتی هاوبەشێکی جێ متمانەی ئەمەریکایە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.