مەسرور بارزانی دەوڵەتمەدارانە هەنگاوی ناوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی کوردستان و وڵاتان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: AP)
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

ئەگەرچی هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەمیشە وەک دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەوڵەتمەدارانە هەنگاوی ناوە بەتایبەت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن دەستی پڕە لەو دۆسیانەی لە کابینەی نۆیەمدا بەرەو پێشیبردوون تا هەرێمی کوردستانێکی بەهێز پیشانی جیهانی بدات؛ کە ئەمەش خواستی ئەمەریکایە.

سەرسام خەلیل، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمەریکا لە هەر قۆناغێک بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە. زیرەکی و دەستەبژێری نوخبەی سیاسی بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان، وایکردووە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن کە لە قازانجی هەموو لایەکدا بێت".  

ئەمەریکا هەمیشە دووپاتیکردووەتەوە لە کاری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە. بەردەوام وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بنەمای ئەو یاداشتەی واژوویان کردووە و لە هەماهەنگی بەردەوامدان. لەهەمان کات ئەمەریکا دەیەوێت ناو ماڵی کورد چیدیکە پەرتەوازە نەبێت.

سەردار قادر، پسپۆڕی دەستوورییە و باس لەوە دەکات، ئەمەریکا دەیەوێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت، بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی و دەستووری لە هەرێمی کوردستان دروست نەبێت و، ئەمەریکا چەندین جار پشتیوانی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە دووپاتکردووەتەوە. هاوکات بەرنامەیەکی توکمەشی هەیە بۆ بەهێزکردن و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. لە هەمان کاتدا دەیەوێت کورد لەنێوخۆدا یەکڕیز بێت.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 24-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

رۆژی دووشەممە، 26-02-2024، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەیەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.