مەسرور بارزانی: داوای پشتیوانی بەردەوامی ئەمەریکامان لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە

کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای پشتیوانی بەردەوامی ئەمەریکا لە سیستەمی فیدراڵیزم و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسیان لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کردووە، هەروەها داوای پشتیوانی بەردەوامی ئەمەریکایان لە سیستەمی فیدراڵی و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسیان لە رێگەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.

سەبارەت بە پرسی شەنگالیش؛ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، هەڵوێستییان روونە دوای 10 ساڵ لە جینۆساید پێویستە رێککەوتنی شەنگال جێ بەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە بۆ زێدی باوباپیرانیان.

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە مافی هەموو پێکهاتەکان و وەک پەناگە بۆ ئاوارەکان دەمێننەوە.

 

 

 

 

کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا

ئێوارەی رۆژی شەممە، 24-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

رۆژی دووشەممە، 26-02-2024، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەیەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە".

هەر لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتن؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگر، بریکار و یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و دۆخی شنگال، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی کەرتی وزەیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.

لێدوانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسیان لە گرنگی هاوبەشییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە".

ماتیۆ میلەر باسی لەوەشکرد: "وەزیری دەرەوە، بلینکن پشتیوانی خۆی بۆ هەماهەنگی بونیادنەرانە لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکگرتووییەکی زیاتر لە نێوان هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ بەهێزترکردنی سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری بۆ خەڵکی عێراق".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ماتیۆ میلەر روونیکردەوە: "ئەمە یەکەمجار نییە وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە، چەند جارێکی دیکەش کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە. دەمانەوێت ئەو گفتوگۆیانەی هەمانبووە بەردەوامی پێبدەین".

یاداشتەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

لەمیانی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن؛ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەفتەری یاداشتەكانی یادگاریی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، چەند دێڕەکی نووسی.