سەردانەكەی مەسرور بارزانی و ڕەهەندەكانی

Kurd24

دەمێكە دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی بوونەتەوە كە هەوڵی چەوساندنی ئەم میللەتە دەدەن بەهەموو شێوازەكانیەوە. هەربۆیە بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریكا لەلایەن گەورەترین زلهێزی جیهان كە ئەمەریكایە لەم كات و ساتەدا بە لووتكەی پەیوەندی دبلۆماسی دادەنرێت و گرنگی و بایەخی ئەم سەردانە لەسەر ئاستی (سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابووری و دبلۆماسی) زیاتر بەدیاردەكەوێت؛ بەجۆرێك ئەوانەی لە ناوخۆ و دەرەوە بەتایبەتی وڵاتانی هەرێمی خەریكی لاوازكردن و لەباربردنی قەوارەی هەرێم بوون، پیلان لەسەر پیلانیان دارشتبوو بۆ لەناوبردنی ئەم ئەزموونە لە ڕێگەی هەریەك لە كارتەكانی (ئابووری و سیاسی و ئەمنی و یاسایی)، بەڵام دواجار سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەموو ئەم پیلان و سیحرانەی پوچەڵكردەوە.

بانگهێشتكردنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریكا ئەم ڕەهەندانە لە خۆ دەگرێت:

• ئەمەریكیەكان ئەوەیان بۆ دەركەوت لە پاش ساڵی 2003 تا ئێستا لە گۆڕەپانی عیراقی تاكە هاوپەیمانیان لەگەڵدا مابێت و بەرگەی هەموو فشاری نەیارانی گرتبێت "هەرێمی كوردستان" بووە  وبە كردەوە سەلماندوویەتی، بۆیە ئەمەریكا لەم سەردانەدا جارێكی دیکە پاڵپشتی و هاوپەیمانی خۆی بۆ كوردستان دووپاتكردەوە، ئەمەش وەڵامێكی ڕوونە بۆ نەیاران كە ئەمەریكا كورد بەجێناهێلێت.

• لە رەهەندێكی دیکەی ئەم سەردانە بەڕوونی لە لێدوانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دیارە كە ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستانیكی بەهێزدایە، ئەوەش وەڵامێكە بۆ هەموو ئەوانەی كە هەوڵی لاوازكردن و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کورسدتان دەدەن. بە واتایەكی دیکە هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و دەبێت بە بەهێزی بمینێتەوە.

• لەسەر ئاستی تاكەكەسی ئەو پێشوازییە گەرمەی لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان كرا لە هەموو شوێنە گرنگەكانی ئەمەریكا سەركەوتنی مەسرور بارزانی نیشاندەدات بەسەر قەیران و ئاستەنگەكان وەك كەسێكی سەركەوتوو لەلایەن ئەمەریكیەكانەوە قبووڵكراوە، هەربۆیە ئەم پێشوازییەی لێكرا و، بەكەسێكی خۆراگر و خاوەن هەڵوێست پیشاندرا ئەوەش جارێكی دیکە وەڵامیكە بۆ نەیارانی هەرێمی کوردستان.

• لەسەر ئاستی ئابووری كە خەریكە نەیارانی كوردستان بەكارتی قووتی خەڵك و گەمارۆی ئابووری و ڕاگرتنی نەوت ئەم هەرێمە لاواز بكەن، ئەمەش لەهەموو دانیشتنەكانی سەرۆكوەزیران و دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا بەدیاركەوت كە پێویستە بەغدا بە زووترین كات نەوتی هەرێم هەناردە بكات و كێشە داراییەكان چارەسەربكەن.

• لەسەر ئاستی ئەمنی كە ماوەیەكە هندێك لە گرووپە میلیشیاكان هەولێر دەكەنە ئامانج و بەشیوەیەكی وەحشیانە بۆردومانی ئەم شارە دەكەن بەبیانووی لاواز، بەڵام ئەم سەردانە پەیامێك بوو بۆ ئەم  گرووپەكانە كە لەمەودوا هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەمەریكاوە دەپارێزرێت.

• هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆ پەیامێكە بۆ بەغدا و هەموو لایەنە سیاسیە عێراقییەكان كە لەمەودوا ئەمەریكا هاوشان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕووبەرووی گرفتەكان دەبنەوە، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات پێویستە لەمەودوا سەرانی بەغدا ئەو فشارانە لەسەر هەرێم ڕابگرن و كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەت لە ڕێگەی دەستوورەوە جێبەجی بكەن.

• لە رەهەندێكی دیکەی ئەم سەردانە پەیامێكی ڕوونە بۆ وڵاتانی هەرێمی بە گشتی و ئێران بەتایبەتی كە چی دیکە ئەمەریكا قبووڵی فشارەكانی ئەم وڵاتانە ناكات لەسەر هەرێمی کوردستان لە لایەك و لە لایەكی دیکە دژی دەستێوەردانی ئەم وڵاتە لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەوەستنەوە.

• لەم سەردانە جارێكی دیکە ئەمەریكا بە هاوپەیمانەكانی گەیاند لە هەموو جیهان كە پێویستە مامەلە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بكەن، ئەوەش بە گەورەترین سەركەوتنی دبلۆماسی و پەیوەندی وڵاتان دادەنرێت لەم كات و ساتەدا.

• هەروەها لە ئیستادا هەندێك لایەنە شیعەكان خەریكی دەركردنی هێزەكانی هاوپەیمانانن بەسەركردایەتی ئەمەریكا لەڕێگەی پەرلەمانەوە و ئەوەی بەتوندی دژی ئەو هەڵویستەی شیعەكان بوو لایەنە كوردییەكان و بەشێك لە سوننەكان بوو، ئەم هەڵویستەش لەلایەن ئەمەریكاوە بەرز نرخا و لەمەودوا هاوپەیمانان زیاتر قورسایی پیگەیان دەخەنە هەرێمی کوردستان نەك ئەوەی لە عێراق، بۆیە ئەوەش رەهەندێكی دیکەی ئەم سەردانە بوو.

لە كۆتاییدا دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا بەرهەمی ئەم سەردانە هەموو كوردستانیان بیبینن و بگەن بەخۆشگوزەرانی و پیلانی نەیارانی هەرێم هەمووی لەگۆڕ بنرێت، جارێكی دیکە باڵانسی هێز بگەڕیتەوە نێو پێكهاتەكانی عێراق.