لویس ساکۆ داوا دەکات عێراق بە پڕۆسەی سیاسی خۆیدا بچێتەوە

کاردیناڵ لویس ساکۆ
کاردیناڵ لویس ساکۆ

K24 - هەولێر

پاتریارکی کاسۆلیکی کلدان لە عێراق و جیهان، داوادەکات عێراق بە پرۆسەی سیاسی خۆیدا بچێتەوە و دوور لە مەزهەبی و پشک پشکێنە بگەنە رێککەوتنی نوێ.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024، پاتریارکی کاسۆلیکی کلدان لە عێراق و جیهان، کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی موسڵمان دەکەم.

ساکۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، "جێگای داخە ئەم مانگە پیرۆزە لە کاتێکدا هاتووە کە شەڕی وێرانکەر لە خاکی پیرۆز 'فەڵەستین' بەردەوامە، ململانێکان لێرە و لەوێ بووەتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ".

ساکۆ گوتیشی: "هیوادارم لەم مانگە پیرۆزەدا هەموو ئەو کەسانەی خاوەن ویستی چاکن لە جیهاندا کۆببنەوە بۆ کوژاندنەوەی هەموو جۆرەکانی ململانێ و شەڕ، هەروەها کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی نادادپەروەری و شەڕ، هەروەها بارودۆخی خەڵک بگۆڕن بۆ باشتر، وە بڵاوکردنەوەی شارستانیەتی برایەتی و خۆشەویستی مرۆڤایەتی."

دەشڵێت: "ئاشتی تەنها بیرۆکەیەک نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ژیانی پێویستە کە ئێمە لەسەری پەروەردە کراوین، لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەرجەستەی دەکەین، ئەمەش پێویستی بە بوێری هەیە".

پاتریارکی کاسۆلیکی کلدان لە عێراق و جیهان باسی لەوەشکرد، "لە عێراقدا دوای بیست ساڵ بەسەر رووخانی رژێم، پێویستە پێداچوونەوە بە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا بکرێتەوە، هەروەها بگەینە کۆدەنگیەکی نوێ دوور لە مەزهەبی و پشک پشکێنە، لەسەر بنەمای هاوولاتیبوون کە گەرەنتی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراقییەکان بکات، هەروەها پاراستنی پێکهاتەکان و مافەکانیان کە جوانی عێراقە".