شێروان دووبەردانی: پێویستە پەرلەمانتارانی كورد ھاوشێوەی عەبدولڕەحمان سلێمان ھەڵوێست وەربگرن

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: سبەی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆدەبنەوە و دەشڵێت، پێویستە پەرلەمانتارانی كورد ھاوشێوەی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان ھەڵوێست وەربگرن.

ئەمڕۆ سێشەممە (12ـی ئاداری 2024) شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی کاتژمێر 12ـی پێش نیوەڕۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆدەبنەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان، لە دادگای فیدراڵی، گوتی: دەستخۆشی لەو بڕیارەی ئەو دادوەرە دەکەین، هەروەها ئەگەر کێشەی مووچە چارەسەر نەکرا، دەبێت ئێمەی پەرلەمانتارانی کوردیش هەڵوێستمان هەبێت هاوشێوەی ناوبراو.

ئەمڕۆ سێشەممە (12ـی ئاداری 2024) عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری، کە یەکێک بوو لە دوو دادوەرە کوردەکانی دادگای فیدراڵی، وەکو نەڕازیەتیی دەربڕین لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دژی قەوارە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاریدا خۆی لە ئەندامێتیی دادگاکە بکشێنێتەوە.

دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە دادگای فیدراڵی کارمکردووە، هیواداربووم لەو ماوەیەدا وەکو بەرگریکارێکی سەرسەختی هەرێمی کوردستان کاربکەم لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ لە کارەکەم، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی بەردەوامیدانم لە دادگا رێگەم پێنادات ئەو کارە بکەم کە لە پێناویدا هاتووم و دەستبەکاربووم".

رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراببون، کۆبووەوە.

لە دانیشتنەکەدا دادگای فیدراڵی دژی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، هاوکات ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111ـەوە کەمکرایەوە بۆ 100 کورسی.

لای خۆیانەوە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسی کۆتاکان دەربڕی و بڕیارەکە رەتدەکەنەوە، هاوکات بڕیارەکەی دادگا بە سیاسی دەزانن و جەختیش لە گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەنەوە.