نەهرۆ رواندزی: ئەو سکاڵایەی لە دادگای فیدراڵی تۆمارمکردووە هەموو بەرهەمە نەوتییەکان دەگرێتەوە

نه‌هرۆ رواندزی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی‌ په‌رله‌مانی عێراق
نه‌هرۆ رواندزی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی‌ په‌رله‌مانی عێراق

K24 - هەولێر

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی‌ په‌رله‌مانی عێراق رایدەگەیەنێت، دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بەسەر هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە دوو نرخی جیاواز پێچەوانەی دەستوورە، هەر لەسەر ئەم بنەمایە سکاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە.

ئه‌مڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق له‌سه‌ر سكاڵای په‌رله‌مانتار نه‌هرۆ رواندزی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌باره‌ی گرانی نرخی نه‌وتی سپی و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.

سكاڵاكه‌ی په‌رله‌مانتار نه‌هرۆ رواندزی له‌ دژی هه‌ریه‌ك له‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری نه‌وتی عێراقه تۆمارکراوە. كه‌ تیایدا دژی جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاری ژماره‌ (23726)ـی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق سكاڵای تۆماركردووه‌، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌رزانكردنی نه‌وتی سپی له‌ هه‌رێمی كوردستان (له‌ 500 دیناره‌وه‌ بۆ 250 دینار) بۆ هه‌ر لیترێك.

"ناچاریان کردین سکاڵا تۆماربکەین"

نه‌هرۆ رواندزی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی‌ په‌رله‌مانی عێراق لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆمان لە پەرلەمانی عێراق، تێبینی ئەوەمان کرد کە جیاوازی هەیە لە نێوان نرخی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەم چەندە وای لێکردین ئەم سکاڵایە تۆماربکەین، چونکە ئەوەی هەیە پێچەوانەی دەستوورە".

نه‌هرۆ رواندزی گوتی، "لەبارەی ئەم پرسە زۆر جار نووسراومان ئاراستەی وەزیری نەوت و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە. هاوکات پرسیارمان ئاراستەی وەزیری نەوت کردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک وەڵاممان نەدراوەتەوە، بۆیە ناچاربووین سکاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆماربکەین".

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سکاڵاکەماندا داوامان کردووە بەرهەمە نەوتییەکان بە هەمان نرخ و بڕ و کواڵێتیی بەسەر هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دابەشبکرێن. هەڵبەتە سکاڵاکە نرخی بەنزین و غازی ماڵانیش دەگرێتەوە".

کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق

نه‌هرۆ رواندزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-03-2024، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی؛ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.