لێدوان و هەڵسوکەوتەکانی وەزیری دارایی عێراق دژی یاسان

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق

K24 - هەولێر

هەڵسوکەوتەکانی وەزیری ئێستای دارایی عێراق پێچەوانەی یاسان بە جۆرێک هەندێک جاری دژی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەوەستێتەوە، هەندێک جاریش لێدوانەکانی پێچەوانەوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵین.

کاری سەرەکیی وەزارەتی دارایی و وەزیرەکەی لە هەر وڵاتێکدا داڕشتنی سیاسەتی دارایی و کارکردنە بۆ بەهێزکردنی ئابووری، بەڵام لە عێراق پێچەوانەکەیەتی. هەندێک جار وەزیری دارایی بڕیار و قسەکانی خۆی بە سەرووی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەزانێت، هەندێک جاریش لێدوانی پێچەوانەی دادگەی فیدراڵی دەدات. واتا جگە لە ئیشەکەی خۆی دەستوەردان لە ئیشی دامەزراوەکانی دیکەشدا دەکات، ئەوەش کێشەکانی عێراقی هێندەی دیکە ئاڵۆز کردووە.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەمێک سوێند دەخوات پارە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت، دەمێک دژی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان تا هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی دەوەستێتەوە، جار بەجاریش لێدوانەکانی یاخی بوونیان لە بڕیارەی دادگەی فیدراڵی پێەوە دیارە. 

بەپێی یاسای ژمارە 92ی ساڵی 1981ـی وەزارەتی دارایی عێراق، تەیف سامی چەند ئەرکێکی لەسەرشانە و نابێت سنووری دەسەڵاتەکانی تێبپەڕێنێت، گرنگترین ئەرکەکانیشی: داڕشتنی ئاڕاستە و پلانی دارایی وڵات، رێکخستنی گەنجینەی دەوڵەت و چاودێریکردنی بانکەکان تا لە خراپ مامەڵکردن بە دووربن، پەرەپێدانی سەرچاوەکانی داهاتی دەوڵەت، رێکخستنی کاری بانکی، رێکخستنی کاروباری باج، راوێژپێدان بە کەرتەکانی دیکە لەکاتی داواکردنی هاوکاری، ئەوە لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

لە هیچ کام لە دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی و وەزارەتەکەیدا نییە یاری بە قووت و مووچەی میللەتێک بکات، لەژێر ناو و پاساوی جیاوازدا هەرجارە و بڕە پارەیەک بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. دەستوەردان لە کاری ئەنجوومەنی وەزیران و خودی دادگەی فیدراڵیش بکات.