لێزمە باران چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان دەگرێتەوە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا بڵاویکردەوە، شەپۆلە بارانێک چەند ناوچەی تورکیا و باکووری کوردستان دەگرێتەوە، لە نێویاندا 10 پارێزگای باکووری کوردستان خراونەتە نێو لیستی زەردی کەشناسییەوە. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، شەپۆلە باران تورکیا و باکووری کوردستان دەگرێتەوە، هاوکات لەو شەپۆلەدا لێزمە باران پارێزگاکانی ڕحا، دیاربەکر، باتمان، مێردین، سێرت و شرنەخ دەگرێتەوە، بەم هۆیەوە ئەو ناوچانە خراونەتە نێو لیستی زەردی کەشناسییەوە.

هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەگەر هەیە لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، بەدلیس، موش و وان باران و بەفر بەیەکەوە ببارێن.

کەشناسی هۆشداری داوە لە دروستبوونی لافاو و باهۆزی بەهێز و پەنگخواردنەوەی ئاو لە ناوچە نزمەکان. هەروەها داوا لە هاووڵاتییان کردووە و هۆشیاربن و لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و پەیوەندیی بە تیمەکانی فریاگوزاریی و بەرگری شارستانییەوە بکەن بۆ ئەوەی بە هانایانەوە بچن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداری داوەتە دانیشتوانی ناوچە شاخاوییەکان، ئەگەر هەیە بە هۆی بەفرەوە ڕێگەی هاتووچۆی نێوان ئاواییەکان دابخرێت و بە دووریشی نازانێت لە هەندێک لە شاخەکاندا هەرەس ڕوو بدات.