دواخستن بژاردەی پارتییە یان بژاردەیە بۆ پارتی؟

Kurd24

پارتی چ جار نە باسی بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە نە باسی دواخستن. پارتی ئەو پێشێلکارییانەی دەست نیشان کردوون کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر یاساکانی هەڵبژاردنی کوردستان کراون، ئاگاداریشی داوە دەربارەی دەست تێوەردانی دەرەکی و یەکلایی کردنەوەی ئەنجامەکان لەلایەن ئێران.

ئەو مەترسی و تێبینیانەی پارتی درێژکراوەی مەترسی و تێبینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها نوێنەرایەتی کردنی ناڕەزایەتی هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی عێڕاقە لە شیعە و سوننە و کورد، هەموو پێکهاتەکانە لە کورد و تورکمان و مەسیحی و عەرەب. بۆ ئەوەی بۆچوونی دروستی شیعەی عێڕاقی بزانی پێویستە گوێ لە سەدر بگیرێت، بۆ سوننەش حەلبوسی و خەنجەر نوێنەرن، کوردیش بێ گومان پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی دەکات. هەڵبژاردنێک کە دژی پێکەوەژیان و لێبوردەیی بێت پارتی ناچێتە ژێرباری، چونکە پارتی گرێبەستێکی مێژوویی و ئەخلاقی و خوێنی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان هەیە، کورد و تورکمان و ئاشووری و کلدان و ئەرمەن. ئیسلام و مەسیحی و ئێزدی و کاکەیی و زەردەشتی و بەهایی و ئەوانی دیکە.

دواخستنی هەڵبژاردن ئێستا خواستێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە و وەک چارەسەریەک خراوەتە بەردەم پارتی، بەڵام پارتی ئەوە وەک چارەسەر نابینێت، بەڵکو چارەسەری گرفتەکان لە ڕاستکردنەوەی بڕیارە خوار و نادەستووری و شۆڤینیەکانی دادگای بەناو فیدراڵییە نەک لە دواخستنی، پارتی چارەسەر لە بڕینی دەستی دەرەکی دەبینێت لە هەڵبژاردنەکان دا، نەوەک لە دواخستنی، چونکە هیچ هێز و لایەنێک لە پارتی ئامادەتر و بە پەرۆشتر نییە بۆ هەڵبژاردن. هەڵبژاردنێک گوزارشت لە دەنگ و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، نەک هەڵبژاردنێک خواست و خۆزی دوژمنان بکاتە ئەمری واقع و هێزی خۆڕادەستکردنەوە بە جەلاد.

پارتی هێزی پاشەکشێ نییە، هێزی سازش نییە لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، پارتی بزاڤێکە لە حزب و ئایدۆلۆژیا فراوانترە، پارتی بزاڤێکە نوێنەرایەتی مێژوو و پێکهاتە و هەموو ڕەنگەکانی کوردستان دەکات.