خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا 

Kurd24

هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتوون:

- بەردەوامیی ناردنی مووچە.

- دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە.

- دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ مانگی ئۆکتۆبەر.

- سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکان لەلایەن یونامی. هەولێر ناوەندی بڕیاردان بێت نەک بەغدا. ئەنجوومەنی دادوەریی کوردستان سکاڵاکان یەکلایی بکاتەوە و بڕیار لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدات.

- کارکردن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتاکان.

- دامەزراندنی ئەنجوومەنێک لە نێوان هەردوولا بۆ بە پەلە ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کێشەکان و هەوڵدان بۆ زوو چارەکردنیان.

ئەوانە دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتەیە، کە لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیڕەوی کرد و سەرکەوتوو بوو لەوەی جارێکی دیکە پرسی عێراق بخاتەوە سەر مێزی بایەخی وڵاتانی کاریگەری وەک ئەمەریکا، کە تێیدا پرسی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان وەک کێشەیەکی جددی و جێگەی گرنگیپێدانی گەورە ئامادەیی هەیە. لە دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس، ئەوە بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا ڕوونبووەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر بە بایەخترین و هەستیارترین جوگرافیایە و دەبێت لەسەر لیستی بایەخ بمێنێتەوە، پرسی کورد و بەهێز مانەوەی قەوارەی دەستووریی کوردستان کرۆکی سەر لەنوێ بایەخپێدانیان بێت.

ئەوەی جێی گومانە ئەوەیە، پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئێران ستراتیجییە و پەیوەندیی لەگەڵ ئەمەریکا تەکتیکییە؛ بۆیە تەنها بەردەوامیی فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خۆڕاگری و سازشنەکردنی کوردستان، دەتوانن دۆخەکە بەو هاوسەنگییە بهێڵنەوە، ئەوەش بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە کۆبوونەوەی هەموو لایەنە کوردستانییەکانە لە دەورەی سیاسەت و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ بەغدا دا، نەوەک هەر لایەک و لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی خۆی فڕێبداتەوە باوەشی بەغدا.