ئیسرائیل کاتژمێری سفری بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران دیاری کردووە

ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل
ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی توانی بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بداتەوە، ئێستاش کاتژمێری سفری بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران دیاری کردووە.

هەریەک لە ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی ئیسرائیل، لە کاتی هێرشەکەی ئێران فڕۆکە جەنگییەکانیان بە ئاسمانی عێراق، ئوردن و سووریاوە سەرقاڵی تێکشکاندنی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بوون.

ستیفان سیژۆرنی، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئێران نەک تەنیا ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵکوو ئاسایشی ناوچەکەی خستە مەترسییەوە، هەربۆیە بەشدارییان لە تێکشکاندنی هێرشەکەی ئێران کرد.

ستیفان سیژۆرنی، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەین، چونکە یاریکەرێکی گەورەین و بنکەی سەربازیمان لە ئیمارات و ئوردن هەیە. هێرشەکەی ئێران نەک تەنها ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵکوو ئاسایشی ناوچەکەی خستە مەترسییەوە، هەربۆیە بەشداریمان لە تێکشکاندنی هێرشەکەی ئێران کرد."

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی:"ئێمە ماوەیەک بوو ئامادەکاریمان بۆ هێرشەکەی ئێران دەکرد، ڕێنمایمان بە هاووڵاتییەکانمان دابوو گەشت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکەن، دیپلۆماتکارەکانمان لە تاران کشاندەوە."

کابینەی جەنگی ئیسرائیل کۆبوونەوەی خۆی کردووە و هەموو بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئێرانی تاوتوێ کردووە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیلیش دووپاتی کردەوە، ئیسرائیل بەدوای شەڕەوە نییە، بەڵام ڕەچاوی هەموو بژاردەیەکی وەڵامدانەوەی ئێران دەکەن و هەموو شتێک بۆ پاراستنی هاووڵاتیانیان دەکەن.

سەرۆکی ئیسرائیل ئەوەی خستەڕوو، "لەسەرەتای دروستبوونییەوە ئیسرائیل بەدوای ئاشتیەوە بووە. هەموو ئەم کێشانە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان پێکرد، کاتێک لقەکانی ئێران وەکو حەماس هێرشێکی خوێناوییان کردە سەر ئیسرائیل".

وەکو ئەوەی هێرزۆگ باسی کرد، ئیسرائیل ڕای هاوپەیمانەکانی بەلاوە گرنگە، "بەڵام هەموو کارێک بۆ بەرگریکردن لە خەڵکەکەمان دەکەین. ئێران و باڵەکانی هێرشی فراوانیان کردە سەرمان ئەمە وەک ڕاگەیاندنی شەڕی ڕاستەقینە وایە دژی ئێمە. سەرجەم بژاردەکان کراوەن، پاراستنی خەڵکی خۆمان لەسەر هەموو شتێکەوەیە."

ئێران زیاتر لە 300 درۆن و مووشەکی بالیستی و کروزی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بێجگە لە خاکی ئێرانیشەوە، لە سووریا، لوبنان و یەمەنیشەوە هێرش کرایەسەر ئیسرائیل؛ بەڵام بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئیسرائیل توانی 99 لەسەدی درۆن و مووشەکەکان بخاتەخوارەوە.

لە کاتێکدا ئیسرائیل دەیەوێت وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران هاوکاری ئیسرائیل ناکات.