یەپەگە: سوپای توركیا بێتە منبج تێكی دەشكێنین

K24 - ھەولێر

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ھۆشداری دەداتە تورکیا بۆ ئەوەی بەھیچ شێوەیەک نزیکی شارۆچکەی منبج نەبێتەوە، ئەگینا وەک رژێمی سووریای لێدێت لە حەسەکە، کە چۆن ویستیان یەپەگە لە حەسەکە نەھێڵن، بەڵام دواتر خۆیان ناچاربوون لەو ناوچەیە بکشێنەوە.

رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەپەگە دەڵێ، چۆن حزبی بەعس لە حەسەکە بە دەردی خۆی گەیشت و نەیتوانی بەرگەی شەڕڤانانی یەپەگە بگرێ، تورکیا دووچاری ھەمان دەرد دەبێتەوە لە جەرابلووس و منبج.

رێدوور خەلیل دەشڵێ، بە گرتنی جەرابلووس، تورکیا دەیەوێت داعش بپارێزێت و رێگەنەدا ھێزەکانی ئەوان لەو ناوچەیە بمێننەوە و درێژە بە پێشڕەوییەکانیان بدەن لەو ناوچەیە.

دوێنێ یەکشەممە تورکیا رایگەیاند ئەگەر یەپەگە تا ناوچەکانی رۆژھەڵاتی فوڕات لە باکووری سووریا نەکشێتەوە ئەوان بەرەو منبجیش دەچن و کۆنتڕۆڵی دەکەن.