بارزانى: پێشمەرگە یارمەتیی ئێزیدییەكان دەدات پارێزگاری لە خۆیان بكەن

هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە ئێزیدییەكان بتوانن خۆیان خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە ئێزیدییەكان بتوانن خۆیان خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن و هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە یارمەتیی ئێزییدییەكان دەدات كە پارێزگاری لە خۆیان بكەن.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوى ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ له‌ ميانى پێشوازيكردنى له‌ باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ عێراق دۆگلاس سڵيمه‌ن، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پرسى ئێزدييه‌كانى خستووه‌ته‌ به‌ر باس.

له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌دا هاتووه‌: لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەگەی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە. ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ باڵيۆزى ئه‌مريكا پێزانینی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی راگەیاندووه‌ لەمەڕ هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هیوای خواستووه‌ ئەوە ببێتە زەمینەیەك بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی ستراتیژی نێوان هەردوولا لە بواری ئاساییشی ناوچەكەدا.

وه‌ك له‌ راگه‌يه‌ندراوى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا هاتووه‌، سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی پیشانداوه‌ لەوەی كە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق سەركەوتن و دەستكەوتی باشی بەدوادا هاتووە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ساڵیادی ئازادكردنی شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆشنایی خستەسەر مێژووی ئێزیدییەكان و ئەو نەهامەتییانەی كە بە درێژایی مێژوو بەرۆكی خوشك و برا ئێزیدییەكانی گرتووە.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا سه‌رۆك بارزانى روونيكردووه‌ته‌وه‌، هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە كار بۆ ئەوە كراوه‌ كە ئێزیدییەكان بەشداری خەباتی سیاسیی گەلەكەیان بن و رێگە لە چەوساندنەوەیان بگیرێت، ئێستایش هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە ئێزییدییەكان بتوانن خۆیان خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن و هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە یارمەتیی ئێزییدییەكان دەدات كە پارێزگاری لە خۆیان بكەن.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس لە قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و حكوومەتی عێراق كراوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌.