بارزانی: ئامانجمان دوای داعش دابینكردنی ئاساییش و ئاسوودەییە

بە تایبەت ئێزیدی و كریستیانه‌كان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئامانجی سه‌ره‌كییان له‌ دوای داعش، دابینكردنی ئاساییش و ئاسووده‌ییه‌ بۆ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تیش ئێزدی و كریستیانه‌كان.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ بێرندار كازوا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی فه‌ره‌نسا و شاندێكی یاوه‌ری، باسی له‌ رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد له‌ دژی داعش و رایگه‌یاند، پێشمه‌رگه‌ جێگه‌ی شانازی گه‌لی كوردستانه‌ و پارێزگاری له‌ ته‌واوی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كردووه‌.

بارزانی راشیگه‌یاند، سه‌ردانی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌روبه‌ندی په‌لاماره‌كانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، دووپاتكردنه‌وه‌ی دۆستایه‌تی نێوان فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی كوردستان بوو و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سوپاسی هەموو لایەنە سیاسییەكانی وڵاتی فەڕەنسای كرد كە هاوسۆزی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بوونە.

له‌ باره‌ی رۆڵی پێشمه‌رگه‌، له‌ ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ بوو، به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جێیكردووه‌ و سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی رێكخراو‌ی داعشی له‌ ده‌وراوپشتی مووسڵ تێكشكاند.

له‌ دیداره‌كه‌دا، بێرندار كازوا، سه‌رۆكی شاندی ئه‌نجوومه‌نی پیران، ئاماژه‌ی بەوە كرد، وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی كوردستان دەكات و ئاگاداری قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەركردایەتیكردنی سەركەوتووانەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشیی خۆیشی ئاراستەی بارزانی و كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە كرد كە گیانی خۆیان لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا فیدا كردووە و ڕایگەیاند پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا بووەتە سیمبوێكی گەورە و جێگەی شانازیی جیهانە.