بارزانی و بايدن قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ تاوتوێ ده‌كه‌ن

ره‌وشى نوێى ناوچه‌كه‌ و قۆناغه‌كانى ئۆپراسيۆنى ئازادكردنه‌وه‌ى مووسڵى تاوتوێكرد.

K24 – هه‌ولێر:

له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنييدا ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعوود بارزانى له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مريكا جۆ بايدن ره‌وشى نوێى ناوچه‌كه‌ و قۆناغه‌كانى ئۆپراسيۆنى ئازادكردنه‌وه‌ى مووسڵى تاوتوێكرد.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و بنه‌ماڵه‌ى هەموو ئەو پێشمەرگانە كردووه‌ كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە. هەروەها پیرۆزبایی و دەستخۆشیشی لە هێزی پێشمەرگە كرد بە بۆنەی ئەو سەركەوتنانەی لەبەرامبەر تیرۆریستاندا بەدەستیان هێناوە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لە بەشێكی تری ئەو پەیوەندییەدا هەردوولا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق بە باش وەسف كرد كە دەستكەوت و سەركەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە و بە پێویست زانرا ئەو هەماهەنگییە بەردەوام بێت و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ ئەو هەماهەنگییە دووپاتكردەوە.

به‌ گوێره‌ى هه‌واڵه‌كه‌ى ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هەر لەو پەیوەندییە سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكای كردووه‌ كە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگییەكەی بووە لەگەڵ هێزەكانی عێراقیدا.