لە رۆژھەڵاتی مووسڵ 23 گەڕەك لە دەستی داعش رزگاركراون

K24 - ھەولێر

لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ تا ئێستا 23 گەڕەك لە دەستی داعش رزگار كراون.

شانەی میدیای جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگری، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە دوایین پێشکەوتنی ھێزە عێراقییەکان لە مووسڵ و دەورووبەری کرد و رایگەیاند، تاکو ئێستا ژمارەی ئەو گەڕەکانەی کۆنتڕۆڵکراونەتەوە گەیشتوەتە 23 گەڕەک و ئێستا پڕۆسەی پاککردنەوە لە مین و بۆمبە چێندراوەکان و پاشماوەی تەقەمەنییەکان جێبەجێدەکرێ.

شانەی میدیای جەنگی راشیگەیاند، ئێستا گەڕەکەکانی زھور و بەکریش بەتەوای کۆنتڕۆڵکراونەتەوە، لەبەرەی رۆژئاواشەوە گوندەکانی بۆتە و ساڵحیە لەلایەن حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵکران.

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لە 17/10/2016 دەستیپێكرد، ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق زۆر لە گەڕەك و ناوچە ستراتیجیەكانیان لە دەستی داعش رزگاركردووە.