ئه‌مريكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتيوانيكردنى هه‌رێمى كوردستان

جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا به‌ڵێنێك به‌ مه‌سروور بارزانى ده‌دات
kurdistan24.net

K24 – واشنتن:

لە زنجیرە كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای ھەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسايشى ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڵێن دەدات  واشنتن بەردەوام بێت لە ھاوکارییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان و ھیواخوازیشە ئیدارەی داھاتووی کۆشکی سپی درێژە بە یارمەتیدانی کورد بدات، بەھۆی ئەو رۆڵە گرنگەی کوردستان و پێشمەرگە بینیوویەتی لەشەڕی دژی داعش.

ئەم قسانەی تۆنی بلینکن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان لە واشنتن بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھات و لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی ستایشی ئەمریکا دەکات بۆ ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە و داواشی کرد واشنتن ھاوکاریی سەربازی و دارایی زیاتری کوردستان بکات.

شاندی باڵای ھەرێمی کوردسان ماوەی ھەفتەیەکە لە ئەمریکایە و تا ئێستاش ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئەنجامداوە.

فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ كوردستان 24ى راگه‌ياند، ئامانجیان زانینی سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكایە، جەختیشی كردەوە كە پەیوەندییان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ باشە و باشیش دەبێت، چونكە ئەوان پشتگیری كوردستان و پێشمەرگەن و بەرلە ھاتنیان بۆ دەسەڵات ئاماژەیان زۆرە كە دەبنە پشتگیری ھەرێمی كوردستان.

لەکۆبوونەوەی لەگەڵ بلینکن، مەسرور بارزانی باسی ئۆپەراسیۆنی موسڵی کرد و رایگەیاند، پێویستە میکانزمێک بۆ موسڵی دوای داعش دابنرێت تاوەکو دانیشتووانی شارەکە هەست بە ئارامیی و دڵنیایی بکەن و دووپاتیشیکردەوە، پێشمەرگە و گەلی کوردستان ھاوبەشی ئەمریکا و جیھان دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکاندا، شاندی باڵای کوردستان، لەگەڵ ئەلیسا سلۆتکین، یاریدەدەری جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا سلۆتکین رایگەیاند کورد هاوپەیمانێکی گرنگە لەشەڕی داعش و بەبێ کورد ئەمریکا ئەو کارەی پێناکرێت و بەڵێنیشیدا پنتاگۆن بەردەوام ىێت لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنامەیەی لەسەرەتایی ئەمساڵ لەنێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە مۆر کرا.

لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بازانی و شاندی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جۆناتان کۆهین، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو بەرپرسەی ئەمریکا ستایشی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا کرد و لەبارەی شەڕی موسڵیشەوە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەگرنگ وەسف دەکات و دەڵێ ئەو هەماهەنگییە بەهێزتر بوو  لەوەی واشنتن چاوەڕێی دەکرد.

مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشتر ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا بۆ کوردستان٢٤ رونکردەوە ورایگەیاند دەمانەوێ سوپاسی ئیدارەی ئیستا بکەین بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئامانجێكى ديكه‌ى سه‌ردانه‌كه‌مان تێگەیشتنە لە بۆچوون و هەڵوێستی ئیدارەی داهاتووی واشنتن بەرامبەر بە پرسی کورد لە ناوچەکە.

بڕیارە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە رۆژانی داهاتودا بەشداری ژمارەیەک پانێل و سیمینار بکات لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیجیەکانی واشنتن و باسی پرسی کورد و پێشهاتەکانی لە ناوچەکەدا بکات.