به‌رپرسانی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا كورد به‌ هاوپه‌یمانێكی باوه‌ڕپێكراو وه‌سفده‌كه‌ن

شاندی كوردستان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی كۆنگرێس كۆده‌بێته‌وه‌

K24 - واشنتن:

کاندیدێکی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کورد بە هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوی ئەمریکا وەسف دەکات و سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش رایدەگەیەنێت پێویستە واشنتن هاوکاریی کوردستان و پێشمەرگە بکات.

شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و کۆنگرێسی ئەمریکا و هاوکاریکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان لەرووی سەربازیی و داراییەوە لەلایەن ئەمریکاوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان بوون.

شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبوونەوە، کە تیایدا بۆب کۆرکەری سەرۆکی کۆمیتەکە و بێن کاردنی جێگری کۆمیتە و ماڕکۆ رۆبیۆی ئەندامی باڵا لە کۆمیتەکە و کاندیدی پێشووی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و ئەو کۆمیتەیە گرنگییەکی زۆری لە بازنەی سیاسەتی ئەمریکادا هەیە بەوەی رێنوێنی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دەکات و راوێژ دەداتە وەزارەتی دەرەوە.

لەوکۆبوونەوەیەدا، بۆب کۆرکەر کە یەکێکە لە کاندیدانی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند پێویستە هاوکاریی دارایی کوردستان بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئەو کۆمیتەیە قسە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا دەکات و گوتیشی گەلی ئەمریکا رێزێکی تایبەتی بۆ قوربانییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

لەبارەی پشتیوانی سیاسی ئەمریکا بۆ کوردستان، بێن کاردین، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند لەنێو کۆنگرێسدا، کورد پشتیوانییەکی زۆری هەیە، ئەمەش بەهۆی لێهاتوویی سەرکردایەتی کورد و بەڵێنیش دەدات کە ئەمریکا پابەندی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ کورد بێت.

لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی گوتی کوردستان پابەندە بە هاوکاریکردنی ئەمریکا لەشەڕی داعش و ئاشکراشی دەکات پێویستە رێککەوتنێکی سیاسی بۆ قۆناخی دوای داعش بۆ موسڵ هەبێت و بەدوای دۆزینەوەی هۆکارەکانی دروستبوونی داعشدا بگەڕێین، تاوەکو گروپی هاوشێوەی داعش سەرهەڵنەدەنەوە.

لەبارەی رۆڵی کورد لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان، مەسرور بارزانی بە بەرپرسانی باڵای کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای راگەیاند کە هەرێمی کوردستان هاوکاریی زۆری ئاوارەکانی کردووە و لەبارەی داهاتووی عێراقیشەوە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەو سنوورانەی ئێستاکە هەن، لەسەر ویستی خەڵکی کوردستان نەبووە و ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆر رێگامان لەگەڵ بەغدا تاقیکردەوە، بەڵام هیچیان سەرکەوتوو نەبوون، ئێستاش پێویستە بیر لە ئەڵتەرنەتیڤی دیکە بکەینەوە و دەکرێ لەداهاتوودا وەکو دوو دراوسێ پێکەوەبژین.

لەلایەکی دیکەوە، شاندەکەی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و بە ئەندامێتی فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەواشنتن، لەگەڵ نیوت گینگریچ، راوێژکاری دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و یەکێکە لە کاندیدەکانی تڕەمپ بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا گینگریچ بەشاندەکەی کوردستانی راگەیاند سوپاسی کورد دەکەین کە هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوی ئەمریکا بوون و پێشمەرگەش سەلماندوویەتی کە هێزێکی کاریگەرە لەدژی داعش. هەروەها ئەو سیاسەتمەدارە ئەمریکییە دەڵێ کورد بۆتە هێمای سەقامگیریی لە ناوچەکە.

پاشان مەسرور بارزانی ستایشی هاوکارییەکانی ئەمریکای بۆ کوردستان و پێشمەرگە کرد، بەڵام رایگەیاند چاوەڕێی هاوکاریی زیاتری سەربازیی ئەمریکا بووین.

پاشان شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ستافی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبوونەوە کە چەندین لێکۆڵەر، شارەزا و توێژەری سیاسی ئامادەیی کۆبوونەوەکە بوون و گرنگی هاوکارییکردنی کورد لەلایەن ئەمریکاوە، ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و شەڕی داعش و ئۆپەراسیۆنی موسڵ مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکە بوون.

دواتر شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێرد پۆڵس هاوسەرۆکی کۆمیتەی دۆستایەتی کورد لە کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبۆوە کە ئەو کۆمیتەیە نزیکەی 50 ئەندامی هەیە و لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا ستایشی رۆڵی کورد لە ناوچەکە کرا و ئاشکراشیان کرد پێویستە ئیدارەی نوێی واشنتن هاوکاریی کوردستان بکات.

لە کۆتاییدا، شاندەکەی کوردستان لەگەڵ دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریکی واشنتن پۆست کۆبۆوە و لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش کرا.