مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ میكانیزمی كاری هاوبه‌شی هێزه‌كان هه‌بێت

تێكشكاندنی داعش له‌ موسڵ كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، داوا ده‌كات به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی موسڵ، میكانیزمێك بۆ كاركردنی هاوبه‌شی نێوان هێزه‌كان دیاریبكرێت.

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، راشیگه‌یاند، تێكشكاندنی سه‌ربازییانه‌ی رێكخراوی داعش له‌ موسڵ، كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كانی داهاتوو له‌ دژی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ كاریگه‌ری هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هاوپه‌یمانان و هێزه‌ عێراقییه‌كان كرد، له‌ شه‌ڕی دژی داعش و رایگه‌یاند، كاریگه‌رییه‌ ده‌روونییه‌كانی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌، بووه‌ته‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی زیاتر به‌سه‌ر رێكخراوی داعش.

ئه‌و قسانه‌ی مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ ستیوارت جۆنز، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراقدا هاتن.

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌ڵێ ئه‌مه‌ریكا له‌ كاریگه‌ریی قەیرانی ئابووری ودابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تێده‌گات.

ستیوارت جۆنز ‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ شاندێكدا سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان -ی كرد و له‌ دیدارێكدا باس له‌ قه‌یرانی ئابووری ئێستای هه‌رێمی كوردستان كرا و جەختیش لەوە كرایەوە، كە پێویستە هاوپه‌یمانی جیهانی لە تێپەڕاندنی ئه‌و قەیران و كێشانه‌دا یارمەتیی هه‌رێمی كوردستان بدات. 

هەر لەم دیداره‌دا ڕۆشنایی خرایە سەر سەردانی ئه‌م دواییه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ واشنتۆن و ئەنجامی ئەو سەردانە بە سوودبەخش وەسف كرا.

هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكرنی موسڵ كرا و مه‌سرور بارزانی له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی  پێویسته پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ میكانیزمێكی كارا بۆ پێكه‌وه‌ كاركردنی هێزه‌كان له‌ پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره‌ بدۆزرێته‌وه‌.

لە دیداره‌كه‌دا، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی جه‌نگی دژ به‌ تیرۆریستان لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال و كاریگەریی ئەو سەركەوتنانە لەسەر شەڕه‌كه‌ تاوتوكرا.

 راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان  دووپاتی له‌ بایەخی تێكشكاندنی سه‌ربازییانه‌ی داعش و ئازادكردنی موسڵ كرد، كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر ئاینده‌ی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ ده‌بێت، هەروەها تیشكی خسته‌ سه‌ر كاریگه‌ره‌‌ ده‌روونییه‌كان و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزی عێراقیی و كاریگەریی ئه‌و هەماهەنگییه‌،لە مسۆگه‌ری سەركەوتن و رایگه‌یاند، پێویسته میكانیزمێكی كارا بۆ پێكه‌وه‌ كاركردنی هێزه‌كان بدۆزرێته‌وه‌، كه‌ نه‌بێته‌ هۆی دروستبوونی حه‌ساسیه‌ت له‌ نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره‌دا.