مەنسور بارزانی: ھەڕەشەم لە ھیچ كەسێك نەكردووە
K24 - ھەولێر
مەنسور بارزانی فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە میانی بەشداریكردنی خۆپێشاندانی پێشمەرگە دژی گوتەكانی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان رایگەیاند: "ھاتووین پاڵپشتی لە سكاڵای وەزارەتی پێشمەرگە بكەین.
گوتیشی: "ھەڕەشەم لە ھیچ كەس نەكردووە، من ئەو رۆژە كە لەگەڵ خەڵك دژ بە گوتەكانی ئەو پەرلەمانتارە ھاتوومەتە سەر شەقام وەك كوڕی سەرۆك نەھاتووم، بەڵكو وەك پێشمەرگەیەكی ئەم خاكە ھاتووم و ھیچ ھەڕەشەیەكم نەكردووە، یاسا و دادگامان ھەیە و داوامان لە داواكاری گشتی كردووە و سكاڵای یاسای تۆماربكرێت، بۆ ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە بێت پاكانەی خۆیی جێگیر بكاتە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو عەرەبییەكەی بەھێزە و كوردییەكەی لە بیرچووە وا تێگەیشتووە كە من ھەڕەشەم كردووە، من ھەڕەشەم نەكردووە و ھەڕەشەش ناكەم ئێمە فێری ھەڕەشە نین، بەڵكو لە رێگەی یاساوە سكاڵا تۆمار دەكەین".
مەنسور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو كەسانەی دەڵێن پێشمەرگە میلیشاییە بەكرێگیراون، پێشمەرگە پارێزەری وڵاتە و فرمێسكی دایكی شەھیدانە، خانەوادەی شەھیدان تاجی سەری كورد و كوردستانن".