توركیا: ئه‌و گرووپه له پشت كوژرانی باڵیۆزی روسیایه
K24 - هه‌ولێر
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ رایگه‌یاند جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن له پشت كوشتی باڵیۆزی روسیایه له ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌خت.
باڵیۆزی روسیا له توركیا، ئاندرى كارلۆڤ رۆژی سێشه‌ممه له‌كاتی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له پێشانگایه‌كی هونه‌ری له ئه‌نقه‌ره له لایه‌ن پۆلیسێك كه ئه‌ركی پاراستنی له ئه‌ستۆدا بوو، له پشته‌وه ته‌قه‌ی لێكرا و پاش ئه‌وه‌ی به سه‌ختی بریندار بوو گیانی له‌ده‌ستدا.
چاوشئۆغلو له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌مریكییه‌كه‌ی، جۆن كێری رایگه‌یاند هه‌م توركیا و هه‌م روسیا ده‌زانن جه‌ماعه‌تی گوله‌ن له پشت ئه‌م هێرشه‌ن.
هه‌ر له‌مباره‌وه سه‌رۆك كۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به ئاماژه‌پێدان به كوشتنی هاووڵاتیان له ماوه‌ی كوده‌تای 15 ته‌موزی رابردوو به فڕۆكه و تانك و تۆپ رایگه‌یاند شه‌وی رابردووش به شێوه‌یه‌كی خه‌یانتكارانه نوێنه‌ری روسیا كه ئه‌مانه‌تێك بوو له لای ئێمه له پشته‌وه لێدرا.
به‌پرسانی توركیا فه‌تحوڵڵا گوله‌ن رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گوله‌ن به دارێژه‌ری كوده‌تای 15 ته‌موز و خه‌یانه‌تكردن به توركیا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و داوای راده‌ستكردنی له ئه‌مریكا ده‌كه‌ن كه 17 ساڵه له‌م وڵاته نیشته‌جێ بووه.
كوژه‌ری باڵێۆزی روسیا له ئه‌نقه‌ره پۆليسێكى تورك بوو و پاش ته‌قه كردن له ئاندرى كارلۆڤ، درووشمى "الله اكبر" گوته‌وه و باسى له بیر نه‌كردنی حه‌له‌ب و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى له رووسيا كرده‌وه و خۆى وه‌ك پشتيوانى حه‌له‌ب و سوریا ناساند.
گوته‌بێژی كرملین له باره‌ی كوژرانی باڵیۆزه‌كه‌یان له ئه‌نقه‌ره ره‌خنه‌ی له به‌رپرسانی توركیا كرد و رایگه‌یاند كاتی برینداربوونی ئاندرى كارلۆڤ، ده‌موده‌ست بۆ نه‌خۆشخانه‌یان نه‌گواسته‌وه، به‌ڵكو هه‌ر له شوێنی لێدانی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان دا.
له لایه‌كی دیكه‌وه گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا نیگه‌رانی خۆی له‌و تۆمه‌تانه ده‌ربڕی كه ئاراسته‌ی ئه‌مریكا و فه‌تحوڵڵا گوله‌ن ده‌كرێن به بۆنه‌ی كوشتنی باڵیۆزی روسیا له ئه‌نقه‌ره.
جۆن كیربی له‌مباره گوتی نیگه‌رانی خۆمان به لایه‌نی توركی گه‌یاندووه.