"له‌وانه‌یه به‌غدادی له شاره مێرووله‌دا خۆی حه‌شاردابێت"
K24 هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی پنتاگۆن رۆژی هه‌ینی رایگه‌یاند" سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بۆ له ناوبردنی سه‌ركرده‌كانیان، به‌ڵام سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می رێكخراوه‌كه (ئه‌بو به‌كر به‌غدادی) تا ئێستا له ژیاندا ماوه".
پیته‌ر كوك گوته‌بێژ به ناوی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا به تۆڕی CNN ئه‌مریكی راگه‌یاند" پێمانوایه به‌غدادی تا ئێستا له ژیاندا ماوه و خۆی رێكخراوه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات و ئاراسته‌یان ده‌كات".
پیته‌ر كوك گوته‌بێژ به ناوی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا
هه‌روه‌ها گووتی" ئه‌وه‌ی له تواناماندا بێت ده‌یكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی دیاری بكه‌ین و له ناوی ببه‌ین،ئه‌مه‌ش پێویستی به كاتێكی زۆره و هیچ ده‌رفه‌تێك له ده‌ست ناده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به سزای شایسته‌ی خۆی بگه‌یه‌نین".
به‌غدادی سه‌ركرده‌ی رێكخراوی داعش زۆربه‌ی كاته‌كان دوور له خۆده‌رخستن و میدیاكان به‌سه‌ربردووه، به پێچه‌وانه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی كه به‌رده‌وام خه‌ریكی پڕوپاگه‌نده و ده‌رخستنی كرده‌وه‌كانی چه‌كداره‌كانیانن.
جگه له‌و ڤیدیۆیه‌ی له كاتی راگه‌یاندنی "خه‌لافه‌تی ئیسلامی" له عێراق و سووریا له حوزه‌یرانی 2014، بڵاوكرایه‌وه،تا ئێستا ده‌م و چاوی به‌غدادی له هیچ جێگه‌یه‌كی دیكه نه‌بینراوه.
ئه‌بو به‌كر به‌غدادی سه‌ركرده‌ی رێكخراوی داعش
ئه‌و ڤیدیۆیه‌ش ئه‌وكات له شاری مووسڵ تۆماركرا كه ئیستا هێزه عێراقییه‌كان هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن.
ئه‌م قسانه‌ی به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كه له كاتێكدایه، ناو به ناو پڕوپاگه‌نده‌ی كوشتن و بینینی به‌غدادی بڵاوده‌كرێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كی پشتڕاستكراو له‌و باره‌یه‌وه نییه.
هه‌ر كاتێكیش پرسیار ده‌رباره‌ی چاره‌نووس و شوێن و جوڵه‌ی به‌غدادی له به‌رپرسانی ئه‌مریكی و وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌و وڵاته ده‌كرێت،ئه‌وان بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن.
به‌ڵام پیته‌ر كوك گوتوویه‌تی"خه‌لیفه" ئێستا دابڕێنراوه،بۆردوومانه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ركرده‌ی زۆری له‌و رێكخراووه كووشتووه".
ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه ئێستا بۆ به‌غدادی قورسه راوێژكار و كه‌سانێكی جێگه‌ی متمانه بدۆزێته‌وه تا قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات،چونكه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له ده‌وروبه‌ری بوون و جێگه‌ی باوه‌ڕی بوون نه‌ماون و كوژراون".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له مانگی 12 ی ئه‌م ساڵ "بڕی 25 ملیۆن دۆلاری وه‌ك پاداشت بۆ ئه‌و كه‌سه دیاریكرد كه زانیاری ده‌رباره‌ی به‌غدادی بدات، به مه‌رجێك زانیارییه‌كان ببنه هۆكاری ده‌ستگیركردنی به‌غدادی"
هێزه عێراقییه‌كان له بیابانه‌كانی رۆژئاوای عێراق له پارێزگای ئه‌نبار
پێشتر ئه‌و پاداشته بڕی 10 ملیۆن دۆلار بوو كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له ساڵی 2011 بۆ زانیاری ده‌رباره‌ی به‌غدادی د‌یاریكردبوو.
به‌ڵام تۆڕی CNN ئه‌مریكی رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو له زاری به‌رپرسێكی ئه‌مریكی كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردبوو رایگه‌یاند"ئه‌مریكا له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی دوایدا زانیاریی له‌سه‌ر جموجوڵی به‌غدادی ده‌ستكه‌وتووه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی به‌غدادی تێدایه ئاشكرا بكات.
تونێلێكی چه‌كدارانی داعش له عێراق
به‌ڵام سه‌رچاوه عێراقییه‌كان زانیاری جۆراوجۆر ده‌رباره‌ی به‌غدادی بڵاوده‌كه‌نه‌وه،به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی"الحياة" چه‌ند جارێك به‌غدادی له ناوچه‌كانی به‌عاج بینراوه،ئه‌و ناوچه‌یه‌ش بیابانێكی به‌رده‌ڵانه و ده‌كه‌وێته باشووری رۆژئاوای شاری مووسڵ و هاوسنووره له‌گه‌ل سووریا له لایه‌ك و پارێزگای ئه‌نبار له لایه‌كی دیكه‌وه.
به‌ڵام به‌رپرسێكی عێراقی بۆچوونێكی جیاوازی هه‌یه و له ناوه‌نده ئه‌منییه‌كاندا بایه‌خێكی زۆریش به بۆچوونه‌كه‌ی ده‌درێت ،ئه‌و بۆچوونه‌شیان ناوناوه"شاره مێرووله".
تونێلێكی چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌كانی شنگال له رۆژئاوای شاری مووسڵ
بۆچوونه‌كه‌ش پشتی به‌و كارانه‌ی داعش به‌ستووه كه له ساڵانی رابردوودا كردیان، له هه‌ڵكه‌ندنی چه‌ندین تونێل له ژێر زه‌ویدا،به‌تایبه‌تی له ناو بیابان و ناوچه به‌رده‌ڵانه‌كاندا،هه‌ندێك له‌و تونێلانه ته‌نانه‌ت ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلیشی پێدا رۆشتووه،بۆیه به دووری نازانن تونێلی وه‌ها درووستكرابن كه سنووری نێوان عێراق و سووریای بڕیبێت".
چه‌ند چه‌كدارێكی داعش له‌ناو تونێلێكدا
ئه‌و به‌رپرسه پشتی به‌و زانیارییه سه‌ربازییانه به‌ستووه كه له ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی هه‌واڵگری عێراق له بیابانه‌كان ده‌ستیكه‌وتووه، به تایبه‌تی له بیابانی "روتبه" ی رۆژئاوای شاری روممادی، دوای ئه‌وه‌ی له ژێر زه‌ویدا چه‌ند تونێلێكیان دۆزییه‌وه له شێوه‌ی شاره مێرووله،به‌ڵام له بازنه‌یه‌كی ته‌سكدا بوو،ئه‌و ئه‌گه‌ره له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه"له‌وانه‌یه چه‌كدارانی داعش به شێوه‌یه‌كی فراوانتر ئه‌و شاره مێرووله‌یه‌یان له بیابانی "الجزیرة" درووستكردبێت و به‌غدادیش كه‌ڵكی له‌وه وه‌رگرتبێت".