لە نەجەف ھێرشكرایە سەر ھێزە عێراقییەكان
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ چەند چەكدارێك لە پارێزگای نەجەف ھێرشیان كردە سەر ھێزە عێراقییەكان و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان زیاتر لە 30 كەس كوژران و برینداربوون.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای نەجەف رایگەیاند، چەند چەكدارێكی خۆكوژ كە لەنێو ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراودا بوون، لە نێو بازاڕێكی میللی شارەدێی قادسیەی نزیك نەجەف تەقەیان بەنێو ھاووڵاتیان و ھێزە ئەمنییەكاندا كردووە و دواتر لە خاڵی پشكنینی شارەدێكە خۆیان و ئۆتۆمبێلەكەیان تەقاندوەتەوە، لە ئاكامدا 6 پۆلیسی عێراق كوژران و 25 كەسیش برینداربوون.
لوئەی ناسری، پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، تەواوی ھێرشبەران كە كوژران، ژمارەیان پێنج ھێرشبەربوونە، دوو لەو ھێرشبەرانە خۆیان تەقاندەوە و سێیی دیكەش كوژران.
چەند كاتژمێرێك دوای تەقینەوەكە داعش لە كەناڵەكانی بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو ھێرش و تەقینەوەیە راگەیاند و ئاشكرای كرد 5 چەكدار بەشداریان لە ھێرشەكە كردووە چواریان خۆكوژبوونە و بە پشتێنی بۆمبەكراویان پێوەبووە، یەكێكی دیكەش بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو خۆی تەقاندوەتەوە.