ده‌قى به‌ياننامه‌ى رێككه‌وتنى هاوبه‌شى به‌غدا و ئه‌نقه‌ره
K24 – هه‌ولێر:
سه‌ردانه‌كه‌ى بن عه‌لى يه‌ڵدرم، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا بۆ به‌غدا به مه‌به‌ستى به‌شداريكردنى له كۆبوونه‌وه‌ى سێيه‌مى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى هاوكارى ستراتيژى نێوان عێراق و توركيا گه‌يشته به‌غدا و دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى، نووسينگه‌ى عه‌بادى له راگه‌يه‌ندراوى هاوبه‌شى عێراق و توركياى بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ يه‌ڵدرم به سه‌ردانێك گه‌يشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارى عێراق فوئاد مه‌عسوم و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران سه‌ليم جبوورى و سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى كۆبوويه‌وه.
له دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عه‌باديدا، هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زيران كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانييان ئه‌نجامدا.
تێگه‌يشتنى هاوبه‌ش
له كۆنگره رۆژنامه‌وانييه‌كه‌دا، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا رايگه‌ياند، "به‌غدا و ئه‌نقه‌ره له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ى هێزه‌كه‌ى توركيا له باشيك رێككه‌وتوون".
هێزه‌كانى سوپاى توركيا له نزيك باشيكى سه‌ر به مووسڵ سه‌ربازگه‌يه‌كيان دامه‌زراندووه و له ساڵى رابردووه‌وه تێيدا جێ‌گير كراوون.
توركيا پێداگيرى له‌سه‌ر به‌شداريكردن له شه‌ڕى مووسڵ ده‌كرد، به‌ڵام حكومه‌تى سه‌رۆك وه‌زيران حه‌يده‌ر عه‌بادى رێگه‌ى نه‌دا توركيا به‌شدارى له‌و شه‌ڕه‌دا بكات.
شنگال و باشيك ته‌وه‌رى سه‌ره‌كيين
يه‌ڵدرم گوتيشى: "سوپاسى سه‌رۆك وه‌زيران ده‌كه‌م بۆ هه‌ستيارى له باره‌ى پاككردنه‌وه‌ى شنگال له چه‌كدارانى تيرۆريست".
هه‌روه‌ها گوتى: "چه‌ند هه‌نگاوێكى پێويست بۆ پاككردنه‌وه‌ى شنگال له تيرۆريستان ئه‌نجام ده‌ده‌ين و ئه‌وه‌ش به هاوكارى پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
سه‌باره‌ت به بوونى سه‌ربازيشيان له ناوچه‌ى باشيك، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا گوتى: "بوونمان له باشيك ئاره‌زوومه‌ندانه نه‌بووه، به‌ڵكو پێويستى وايكردووه و رووبه‌رێكى گرنگمان پاككردووه‌ته‌وه له رێكخراوى داعش".
له به‌رامبه‌ردا، سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى گوتى: "عێراق داواى له په‌كه‌كه نه‌كردووه بێته ناو عێراق و رێككه‌وتن له نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌بووه كه هێزى هاوبه‌ش كۆنترۆڵى ناوچه‌كه بكات و رێككه‌وتنى كۆتايش ئه‌وه‌يه كه نابێت هيچ هێزێك له ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌كانى عێراق له شنگال هه‌بێت".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا نووسينگه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى به‌ياننامه‌يه‌كى ده‌ركردووه و تێيدا ورده‌كارى كۆبوونه‌وه‌كه و ئه‌و خاڵانه‌ى به‌غدا و ئه‌نقه‌ره له‌سه‌رى رێككه‌وتن بڵاوكردووه‌ته‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ى عه‌بادى و يه‌ڵدرم به ناوى كۆبوونه‌وه‌ى سێيه‌مى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى هاوكارى ستراتيژى نێوان عێراق و توركيا به‌ڕێوه‌چوو.
خاڵه‌كانى به‌ياننامه‌ى هاوبه‌شى عێراق و توركيا:
1.هه‌ردوولا جه‌خت له‌سه‌ر به‌ديهێنانى سه‌قامگیری و ئاسايشى هاوبه‌ش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر له چوارچێوه‌ى رێزگرتن له سه‌روه‌رى و يه‌كپارچه‌يى خاكه‌كانيان ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌وه‌ش بنه‌ماى په‌يوه‌ندى نێوان هه‌ردوو وڵاته.
2.هه‌ردوولا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه سه‌ربازگه‌ى باشيك سه‌ربازگه‌يه‌كى عێراقييه.
3.لايه‌نى عێراق جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى نه‌گۆڕى له باره‌ى سه‌ربازگه‌ى باشيك ده‌كاته‌وه و لايه‌نى توركيا ده‌ست ده‌كات به كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى و كۆتايهێنان به‌و دۆسيه‌يه و لايه‌نى توركياش جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونى به يه‌كپارچه‌يى عێراق و رێزگرتن له سه‌روه‌رييه‌كه‌ى ده‌كاته‌وه.
4.هه‌ردوولا جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، له‌سه‌ر بايه‌خى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هاوكارى بازرگانى و ئابوورى نێوانيان له بوارى بنياتنانه‌وه‌ى ناوچه زيانلێكه‌وتووه‌كانى تيرۆر و كاراكردنى رێككه‌وتن و يادداشته‌كانى لێكتێگه‌يشتن كه له نێوان هه‌ردوولا واژوو كراوون.
5.هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر زيادكردنى هاوكارى له ئيداره‌دانى ئاوى رووباره‌كانى ديجله و فورات و پڕۆژه ئاوييه هاوبه‌شه‌كان.
6.حكومه‌تى توركيا ستايشى ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه ده‌كات، كه هێزه چه‌كدارى و ئه‌منييه‌كانى عێراق له ميانى پرۆسه‌ى رزگاركردنى نه‌ينه‌وا و له‌ناوبردنى چه‌كدارانى تيرۆريستى داعش به‌ده‌ستيان هێناوه.
7.هه‌ردوولا جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر رێگه نه‌دان به بوونى هه‌ر رێكخراوێكى تيرۆريستى له‌سه‌ر خاكه‌كه‌يان و ئه‌نجام نه‌دانى هيچ چالاكييه‌ك كه ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى هه‌ردوو وڵات بخاته مه‌ترسييه‌وه. هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاركردنى پێكه‌وه‌يى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى، له بوارى له‌ناوبردنى تيرۆر و داعش.
8.هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێويستى كاركردن و هه‌نگاوهه‌ڵنانى فراوان له بواره‌كانى رۆشنبيرى، گه‌شتيارى به مه‌به‌ستى به‌هێزكردنى پردى په‌يوه‌ندى رۆشنبيرى و كۆمه‌ڵايه‌تى نێوان گه‌لى هه‌ردوو وڵات و ده‌سته‌به‌ركردنى ده‌رفه‌ت له پێناو خۆشگوزه‌رانى هاووڵاتيانى هه‌ردوو وڵات.
9.هه‌ردوو وڵات رێككه‌وتن له‌سه‌ر گه‌يشتن به تێگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ دياركردنى به‌رژه‌وه‌ندى و هه‌ڕه‌شه هاوبه‌شه‌كان به روانگه‌يه‌كى ستراتيژى و كاركردن له پێناو پاراستنى سه‌قام و ئاسايشى ناوچه‌كه، هاوڕێ له‌گه‌ڵ زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ى كه له رێگه‌يانه‌وه ده‌كرێت زيان له ئاسايش و سه‌قامگيرى ناوچه‌كه بده‌ن به تايبه‌تى جه‌مسه‌رگيرى تائيفى و نه‌ته‌وه‌يى.