ژەنەڕاڵ ئێرنی ئۆدینۆ: یەكگرتوویی كورد زۆر گرنگە بۆ بارودۆخی دوای رزگاركردنی مووسڵ

"ئیدارەی نوێی ئەمریكا راستەخۆ چەك بە پێشمەرگە دەدات"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

ئێرنی ئۆدینۆ ژەنەراڵی خانەنشینكراوی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، ئێستا یەكگرتوویی كورد زۆرگرنگە، چونكە دوای رزگاركردنی مووسڵ ھەوڵدەدرێت ناكۆكی بخرێتە نێوانیان دەشڵێت، پێم وایە ئیدارەی نوێی ئەمریكا راستەخۆ چەك بە پێشمەرگە دەدات و كەس لە ئەمریكا دژی سەربەخۆیی كوردستان نییە.

ئێرنی ئۆدینۆ بە كوردستان24 گوت: "ھاوكاری ئەمریكا بۆ ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، چونكە چەند بەرژەوەندییەكی ھاوبەش لە نێوان ئەمریكا و ھەرێمی كوردستان ھەیە، یەكێك لەوانە داعش بە بێ كوردەكان تێك ناشكێت، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەیەوێت زیاتر پەرە بە دیموكراسی بدات، ھەرێمی كوردستانیش یەكێك لەو ناوچانەی كە بەرەو دیموكراسی دەڕوات، خاڵێكی دیكە بە دەست ھێنانەوەی ھێزی ئەمریكا لەناوچەی كەنداو، سەربەخۆیی كوردستانیش ئەم بیرۆكەیە بەھێزتر دەكات، یەكێكی دیكەش لەخاڵەكانی دەستگەیشتنە بە وزە كە ھەرێمی كوردستان خاوەن وزەییە".

سەبارەت بە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمریكا ئێرنی ئۆدینۆ گوتی: "دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەداناوە كوردەكان ھاوپەیمانی بەھێزی ئەمریكان، پێموایە ئیدارەی نوێی ئەمریكا راستەوخۆ چەك دەداتە پێشمەرگە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، ئەمەش كات پێمان دەڵێت چۆن روودەدات".

ئەوەشی خستەڕوو: "لە سیاسەتی ناوخۆ ھەندێك گۆڕانكاری بە شێوەیەكی خێرا لە ئیدارەی ئەمریكا روودەدات، بۆ سیاسەتی دەرەوە ھەندێك كاتی دەوێت".

ئۆدینۆ گوتیشی: "یەكگرتووی كوردستان زۆر گرنگە، ئێستا ئەو كاتەیە كە دەبێ كوردەكان یەكگرتوو بن، چونكە دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ پێموایە ھەندێك ھێزی دەست دەكەن بە ناكۆكی و لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و سەركردەكانی كوردستان، ئەمریكا دانی بەوەداناوە كە كوردەكان چیان كردووە و خەڵكی ئەمریكا لەگەڵ كورد ھاوسۆزن، ئێستا كاتی ئەوە نییە كوردەكان پەرتەوازە بن".

ئاماژە بۆ ئەوەشكرد: "پێویستە ئەمریكا بنكەیەكی سەربازی لە ھەرێمی كوردستان دابمەزرێنێ، چونكە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە رووی سەربازی و لۆجستیەوە بڕیارێكی زۆر عەقڵانییە".

لەبارەی گۆڕانكاری لە نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەربەخۆیی كوردستان ئێرنی ئۆدینۆ گوتی: "گفتوگۆی باش ھەیە لە واشنتن كە دەبێ كوردەكان بڕیاری ریفراندۆم بدەن و ببنە وڵاتێكی سەربەخۆ، باوەڕناكەم ھیچ كەسێك لە واشنتن دژی ئەمە بوەستێتەوە".