ئەحمەد تورك: لە دەرەوەی ئاشتی بیر لە ھیچ فۆرمێكی دیكە ناكەمەوە

كاتی چارەسەركردنی ئاقلانەی كێشەكانە

K24 - ھەولێر

ئەحمەد تورك لە یەكەم لێدوانی پاش ئازادكردنی لە زیندان رایگەیاند "لە دەرەوەی ئاشتی بیر لە ھیچ فۆرمێكی دیكە ناكەمەوە و كێشەی تەندروستیم ھەیە و زیندانی كردنیشم ھیچ پاساوێكی یاسایی نەبوو".

ئەحمەد تورك ھاوشارەداری لەسەر كارلادراوی مێردین پاش زیاتر لە دوو مانگ مانەوە لە زیندان، دوێنێ ھەینی بە ھۆی ناڵەباربوونی رەوشی تەندروستی لە زیندان ئازادكرا.

ئەحمەد تورك، ھاوسەرۆكی شارەوانی گەورەی مێردین، لە رۆژی 11 تشرینی دووەمی 2016 لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە كارەكەی دوورخرایەوە، لە 24 ھەمان مانگ بە فەرمانی دادگا بڕیاری گرتنی درا و بۆ زیندانی سیلیڤەری لە ئیستانبوڵ گوازرایەوە و پاش نزیكەی دوو مانگ لەو زیندانە، بۆ گرتووخانەی ئەلەزیز گواسترایەوە و دوو جاریش لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

تورك لە یەكەم لێدوانی پاش ئازادكردنی رایگەیاند: "ئازادكراوم، بەڵام خۆشحاڵ نیم، پەرلەمانتارانمان، سەرۆكی پارتەكەمان، سەرۆكی شارەوانییەكانمان ھێشتا لە زینداندان، ھیوادارم بە شێوەیەكی ئاقلانە وڵات بەڕێوە ببرێت و كاتی چارەسەركردنی ئاقلانەی كێشەكانە و لە دەرەوەی ئاشتی بیر لە ھیچ فۆرمێكی دیكە ناكەمەوە.

JS