به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ده‌گۆڕدرێت
K24 – هه‌ولێر:
له چوارچێوه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به بڕیاری ( مه‌سعود بارزانی ) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له ئاستی حكومی و ناو پارتی دیموكراتی كوردستانیش ده‌ستیپێكردووه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ده‌گۆڕدرێت و (فه‌وزی هه‌ریری) ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌كه.
كوردستان24 زانیوویه‌تی كه بڕیار بۆ ( فه‌وزی هه‌ریری ) ده‌رچووه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نوێی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و ده‌چێته جێگه‌ی " ته‌لار فایه‌ق" كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌كه‌یه.
فه‌وزی فرانسۆ تۆما هه‌ریری، له ساڵی 1958 له شاری هه‌ولێر له‌دایكبووه و كریستیانێكی به نه‌ته‌وه ئاشوورییه و كوڕی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان "فرانسۆ هه‌ریری" یه كه له‌سه‌ر ده‌ستی گرووپێكی توندڕه‌وی ئیسلامی له شاری هه‌ولێر شه‌هیدكرا.
پێشتر چه‌ندین پله و پۆستی باڵای وه‌رگرتووه و له ساڵی 2006 تا 2010 وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق بووه، لەسەر لیستی ھاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنی 2005.
هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌كیش له ساڵی 2011 وه‌ك سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سه‌رده‌می كابینه‌ی شه‌شه‌م كاریكردووه.
فەوزی هەریری 24 ساڵ لە لەندەن ژیاوە و ئەندامی دامەزرێنەری BNDP – Iraq (پارتی دیموكراتی بەیتونەھرێن) و ئەندامی پێشووی كۆنگرەی نیشتمانی ئاشورییە و ئەندامی یەكیتی جیھانی ئاشورییەكانیشه..
لە ساڵی 2003 تا 2005 دیپلۆمات و بەرپرسی ستافی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بوو.
لە ساڵی 2006، سێ پاسەوانی بە ھۆی ھێرشێك لە بەغدا كوژران و 11 دیكەشی برینداربوون، پاش ئەوەی كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی كرایە ئامانج، ھەرچەندە ئەوكات بۆ خۆی لەناو كاروانەكەدا نەبوو.
بەكالۆریوسی ئەندازیاری كارەبای لە بریتانیا بەدەستھێناوە و بە 5 زمان قسە دەكات و بۆ ماوەی 17 ساڵ لە كەرتی تایبەتی بریتانیا لە بەشی بازرگانی و پەرەپێدانی كارگێڕی و هێڵی فڕۆكه‌وانی كاری كردووە.