پێنتاگۆن داوای رەوانەكردنی ھێزی وشكایی بۆ سوریا دەكات

ناردنی ھێزی وشكایی یەكێ لە بژاردەكان دەبێت بۆ شەڕی دژی داعش

K24 - ھەولێر

كەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی كردەوە وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەوانەیە پێشنیاری رەوانەكردنی ھێزی وشكایی بۆ شەری دژی داعش لە سوریا بخاتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەی.

ترەمپ پاش ئەوەی رۆژی 20 كانوونی دووەمی 2017 سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بوویە سەرۆكی ئەمریكا، رۆژی 27 ئەو مانگ سەردانی وەزارەتی بەرگری كرد و داواشی لە فەرماندە سەربازییەكانی كرد لە ماوەی 30 رۆژدا بژاردەیەكی نوێ بۆ شەڕی دژی تیرۆر بۆی ئامادە بكەن.

ترەمپ ھەر لەو سەردانەدا داوا لە وەزیری بەرگری جەیمس ماتیس كرد پلانێك ئامادە بكات بۆ ئەوەی گورزی توندتر لە داعش بوەشێنن، لەوانە تۆپخانەكانی ئەمریكا لە سوریە و بەكارھێنانی كۆپتەرەكانی جەنگی بۆ ھێرشكردنە سەر شاری رەققەی پایتەختی داعش".

بە پێی راپۆرتەكەی سی ئێن ئێن، پێش ئەوەی كاتی دیاریكراوی ترەمپ بۆ فەرماندە سەربازییەكانی كۆتایی بھێت، پێنتاگۆن دەیەوێت ئەگەری پلانی ناردنی ھێزی وشكایی، كە یەكێ لە بژاردەكان دەبێت پێشكەشی كۆشكی سپی بكات.

تیمە تایبەتییەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەن كە رۆژی 4 تشرینی دووەمی 2016 دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش كرد و لە ماوەی سێ قوناغی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات ناوچەیەكی زۆریان لە باكوور، رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی شاری رەققەیان كۆنترۆڵ كرد.

وەزیری بەرگری بریتانیا مایكل فالن رۆژی 11 شوباتی 2017 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ھەولێر رایگەیاند "ھیوادارین تا وەرزی بەھاری داھاتوو شاری رەققە بە تەواوەتی ئیزۆلە بكرێت، كە پاشان ھێرش بۆ ئازادكردنی بۆ سەر خودی شارەكە دەستپێدەكرێت".

ئەمریكا لە دوایین یارمەتییەكانی بۆ ھێزەكانی سوریای دیموكرات چەندین زریپۆش و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەربازی بۆ ئەم ھێزە نارد.

بژاردەی ناردنی ھێزی وشكایی ئەمریكا بۆ سوریا ژێر لێكۆڵینەوە دایە و بە ھۆی ئەوەی تەواو نەبووە تا ئێستا پێشكەش بە ترەمپ نەكراوە.

JS