"ژماره‌ی داعشه ئیسرائیلیه‌كان زیادبوون"
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی " Haaretz " ئیسرائیلی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه رێككه‌وتی 26/2/2017 بڵاویكردووه‌ته‌وه" ژماره‌ی ئه‌و فه‌ڵه‌ستینیانه‌ی به تۆمه‌تی هاوسۆزیان بۆ گروپه توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك رێكخراوی داعش له زیندانه‌كانی ئیسرائیلدان، رێژه‌یان زیادیكردووه.
رۆژنامه ئیسرائیلیه‌كه نووسیوویه‌تی" ژماره‌ی زیندانییه‌كان له ساڵی رابردوو گه‌یشتووه‌ته 83 كه‌س، له كاتێكدا ساڵی 2015 ته‌نها 12 كه‌س له زینداندا بوون.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه كه زۆربه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان هاووڵاتیانی عه‌ره‌بی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ن و وڵاتینامه‌ی ئیسرائیلیان هه‌یه و به‌شێكیان دانیشتووی كه‌ناری رۆژئاوان.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌شكراوه" زۆربه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان به تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندی له رێگه‌ی ئینته‌رنێت به چالاكییه‌كانی داعش له ده‌ره‌وه و پیلانگێڕی بۆ ئه‌نجامدانی هێرش له ناو ئیسرائیل خراونه‌ته زیندانه‌وه.
رۆژنامه‌ی Haaretz نوسیوویه‌تی" هێزه ئه‌منییه‌كانی ئیسرائیل، توانیویانه پێش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه وڵات جێبهێڵن و بچنه عێراق و سووریا و په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه بكه‌ن، ده‌ستگیریان بكه‌ن و ژماره‌یه‌كیشیان له‌و كه‌سانه‌ن كه له ناو داعشه‌وه گه‌ڕابوونه‌وه.