بارزانی: پێشمه‌رگه‌ به‌ خوێنی خۆی شنگال و چیای شنگال و ڕێگەكانی شنگالی ئازاد كردووه‌

دیدارێكی له‌گه‌ڵ شاندێكی كۆمەڵەی یەكبوونی كوردی لە سان پێترزبۆرگی ڕووسیا ئه‌نجامداوه‌

K24 - هه‌ولێر:

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ میانی دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ شاندێكی كۆمەڵەی یەكبوونی كوردی لە شاری سان پێترزبۆرگی ڕووسیا باسی  "لە قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان كرد لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و هەروەها ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزییدییەكاندا هاتووە و جەختی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی تۆڵەی لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و شنگال و چیای شنگال و ڕێگەكانی شنگالی ئازاد كرد. ئەوەیشی خستەڕوو كە دوای ئازادبوونی شنگال ئامانجی سەرەكی ئەوەیە كە شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و خەڵكی شنگال و دەوروبەری بتوانن ژیانی خۆیان دەست پێ بكەن و پشت بە خۆیان ببەستن و بپارێزرێن".

لە دیدارەكەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سەردانیان بۆ كوردستان نیشان دا و ڕۆشناییان خستەسەر كار و چالاكی و ئامانجی كۆمەڵەكەیان و باسیشیان لە بارودۆخی كورد لە ڕووسیا و وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو كرد.

هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و كاریگەریی خەبات و كەسایەتیی بارزانیی نەمر لەسەر كوردانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو، جەختیان لەوە كردەوە كە گەلی كورد لە ڕووسیا و سەرانسەری جیهان ئومێدیان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی هەیە بۆ ئەوەی گەلی كورد بتوانێ لە سەرزەمینی خۆی سەربەخۆ بێت و خاوەنی بڕیاری خۆی بێت. ئەوەیشیان دووپاتكردەوە كە وەك پێشمەرگە ئامادەن لە هەر شوێنێك بن خزمەتی كوردستان و ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان بكەن.

لە بەرانبەردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستی نیشتیمانیی ئەوانی كرد و دەستخۆشیی لە كار و چالاكییەكانی كۆمەڵەی یەكبوونی كرد. هیوایشی خواست كە پەیوەندی و هاتوچۆی نێوان ڕۆڵەكانی كورد لە ڕووسیا و كوردستان بەردەوام بێت و پەرە بستێنێت".