راگه‌يه‌ندراوێك له‌ ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ريفراندۆمه‌وه‌

تێگەییشتنی تەواوی بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی هەیە

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ريفراندۆم له‌گه‌ڵ شاندى دانووستانكارى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا كۆبوويه‌وه‌ و دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌.

وێنه‌يه‌كى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌ و تێيدا هاتووه‌: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم وێڕای جەختكردنەوە لە مافی ڕەوای گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووس، تێگەییشتنی تەواوی بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی هەیە لە بەرامبەر ڕیفراندۆم و ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ڕیفراندۆم هیچ كاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی داعش نابێت.

ڕاگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم 

ڕۆژی چوارشەممە 23ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.

لە كۆبوونەوەكەدا ناوەڕۆكی سەردانەكەی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەمەڕ ڕیفراندۆم تاوتوێ كرا و دوای گوێگرتن لە ڕاپۆرت و دەرئەنجامی گفتوگۆكانی شاندنی دانوساندنكاری هەرێمی كوردستان حكوومەت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و باڵیۆزخانەكان لە بەغدا، كۆبوونەوەكە بەو دەرئەنجامانەی خوارەوە گەییشت:

یەكەم: كۆبوونەوەكە پێزانینی بۆ كار و ئەدای یەكگرتووی شاندی دانوساندنكار لە بەغدا هەبوو و جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوساندن لەگەڵ بەغدا كردەوە لەبارەی ڕیفراندۆم و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

دووەم: دروستكردنی كۆمیتە و ڕێوشوێنە پڕاكتییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم خێراتر بكرێت بۆ ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا و، ڕاگەیاندن و توانای حزبەكان بۆ پاڵپشتیكردنی ڕیفراندۆم هەماهەنگ بن.

سێیەم: كۆبوونەوەكە پشتگیریی خۆی دووپاتكردەوە لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ چاكسازی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ باشتركردنی مووچە و باری گوزەرانی هاووڵاتیان.

چوارەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم وێڕای جەختكردنەوە لە مافی ڕەوای گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووس، تێگەییشتنی تەواوی بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی هەیە لە بەرانبەر ڕیفراندۆم و ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ڕیفراندۆم هیچ كاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی داعش نابێت و گەلی كوردستان لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی تیرۆر دەمێنێتەوە و لە شەڕی تیرۆردا ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگی و گفتوگۆیە لەگەڵ هاوپەیماناندا.

پێنجەم: كۆبوونەوەكە بڕوای تەواوی بە شەراكەتی ڕاستەقینەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان هەیە و پشتگیریی هەموو جۆرە گەرەنتییەك دەكات بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان.

شەشەم: پێكهێنان و ناردنی شاندی دانوساندنكار بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم.

حەفتەم: لە ماوەیەكی نزیكدا كۆنفڕانسێك بۆ نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووسی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە زمانی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان ساز بكرێت لەسەر پڕەنسیپە دیموكراتییەكان و مافی چارەی خۆنووسین.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

23ـی 8ـی 2017