پارتی له‌سه‌ر نه‌جمه‌دین كه‌ریم هاته‌ ده‌نگ

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ لادانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پاریزگاری كه‌ركووك سه‌ركۆنه‌و ره‌تده‌كاته‌وه‌.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌ركۆنه‌كردنی ده‌ركردووه‌و رایده‌گه‌یهنێت "ئه‌و بڕیاره‌ بێ بنه‌مایه‌ و هیچ ئیعتیبارێكی نییه‌ و ئه‌و جۆره‌ ده‌ستوه‌ردان و مه‌ركه‌زییه‌ ملهوڕانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پاڵپشتی له‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌كات و ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌ كه‌ "هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌رز ده‌نرخێنین".

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی باسی پێشێلكردنی پره‌نسیپه‌كانی عیراقی نوێ ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌غدا هه‌موو ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی ژێرپێناوه‌ كه‌ عێراقی نوێی له‌سه‌ر دامه‌زرا و ده‌یانه‌وێت دیكتاتۆرییه‌تی زۆرینه‌ بسه‌پێنن".

دەقی راگەیاندراوەکە:
بڕیاری ناڕەوا و نایاسایی لادانی بەڕێز (دكتۆر نەجمەدین كەریم) لە پۆستی پارێزگاری كەركووك بە توندی ئیدانە و رەتدەكەینەوە.
بەم بڕیارە بێ بنەمایە كە هیچ ئیعتبارێكی نییە، جارێكی دیكە دەسەڵاتدارانی بەغدا سەلماندییان كە هیچ نرخ و بەهایەك بۆ شەراكەت و شەرعیەت و تەوافوق و دەستوور و متمانەی گەل و دەنگ و ڕای هاووڵاتییان دانانێن و كۆی ئەو پرنسییانەیان ژێرپێناوە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرا.
ئەم بڕیارە نابەجێیە، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو سیستمە سیاسییەی دەیانەوێت بەزەبری دیكتاتۆریەتی زۆرینە بیسەپێنن و كۆدەتایەكی بێمنەتە بەسەر دەستوور و دیموكراتی تەوافوقی و حوكمی ئیتیحادیی و بەسەر خودی پەرلەمانەكەی عێراقدا.
ئێمە لە لای خۆمانەوە ئەم جۆرە دەستوەردان و مەركەزییەتە ملهوڕانەیە بە توندی ڕەت دەكەینەوە. پشتیوانی بێسنوریش بۆ جەنابی پارێزگاری كەركووك (دكتۆر نەجمەدین كەریم) دەردەبڕین و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی بەرز دەنرخێنین.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
14/9/2017