ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی ھەرێمی كوردستان داگیرا

ماتەمینی گشتی بۆ كۆچی دوایی مام جەلال راگەیەندرا

K24 - ھەولێر

بە بۆنەی كۆچی دوایی مام جەلال، ئاڵای كوردستان لە سەرجەم فەرمگە حكومی و ناحكومییەكان داگیرا و ھەفتەیەك ماتەمینی راگەیاندرا.

دوای ئەوەی لە پەیامەكەیدا بە بۆنەی كۆچی دوایی مام جەلال، سكرتێری گشتی یەكێتی و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق، مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەفتەیەك ماتەمینی لە ھەرێمی كوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ لە سەرجەم فەرمانگە حكومی و نا حكومیەكانی ھەرێمی كوردستان وەك ماتەمینییەك، ئاڵای كوردستان تا نیوە داگیرا و تا ھەفتەیەك ئەو ماتەمینییە بەردەوام دەبێت.

پەیامنێرانی كوردستان24 لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان رایانگەیاند، دوای پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كۆچی دوایی مام جەلال و راگەیاندنی ماتەمینی، ئاڵا لەسەر فەرمانگە حكومی و ناحوكمییەكان داگیرا.

جەلال تاڵەبانی، لە 17 كانوونی یەكەمی 2012، بە هۆی جەڵتەی مێشك گەیەندرایە نەخۆشخانەی بەغدا و دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەك لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا. لە رۆژی 19 تەمموزی 2014 دوای 19 مانگ لە نەخۆشی، لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە سلێمانی، دوای گەڕانەوەشی چەند جارێكی دیكە بۆ پشكنینی تەندروستی براوەتەوە ئەڵمانیا، دواجار لە 12/9/2017 تاڵەبانی بۆ پشكنینی پزیشكی سەردانی ئەڵمانیای كردەوە، رۆژی 3/10/2017 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا گیانی لە دەستدا.