ساڵی نوێ ساڵێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ کورد

Kurd24

هەرچەندە سالی 2017 ساڵێکی پڕ لە نەهامەتی و مەینەتی و قەیران بوو بۆ گەلی کوردستان، وەلێ رێفراندۆم گەورەترین دەستکەوتە کە هەتا هەتایە گەلی کورد دەتوانێ شانازیی پێوە بکات و لە هەلومەرجێکی لەباردا کارای بکاتەوە و جێبەجێی بکات.

بە پێی بیروڕای زۆربەی شرۆڤەکار و توێژەرە سیاسییەکان، ساڵی 2018 بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە تایبەت بۆ کورد، ساڵی یەکلاکەرەوەیە. ساڵی گۆڕانکاریی ڕیشەیییە لەم دەڤەرە بە زۆربەی ووڵاتان و پێکهاتەکانییەوە. داڕشتنەوەی سنوورە دەستکردەکان و پاکسازیی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانە و گەڕانەوەیە بۆ گەلسالاری. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە پشتگیریی لە پرۆژەی دۆکتۆراینی ڕۆژهەڵاتێکی ناڤینی نوێ کە بریتی یە لە وەرزی کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆریەت و گەڕانەوە بۆ خەڵک سالاری و پەرەپێدانی دیموکراسیەت ومافی مرۆڤ و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان، بەڵام بە شێوازێکی جیاوازتر لە پێشوو.

ئێستا ئەم شەپۆلی گۆڕانکارییە ئێرانیشی گرتووەتەوە و لە زۆربەی شارەکانی ئێران، خەلک داوای مافە ڕەواکانی دەکات و خوازیاری گۆڕینی سیستمی سیاسین. مەرج نیە ئەم خۆپیشاندانانە لە ئێران هنووکە بەرهەمدار بن، وەلێ وەک دیارە چەخماخەی شوڕشێکی تری هەڵگیرساندووە و درەنگ یان زوو دەگاتە ئامانج. 

کات زۆر بە خێرایی تێپدەپەرێ و ناکرێ ئێمەش لەم کەین و بەینەدا وەکو تەماشاکەر بڕوانینە ئەم ڕووداو و پێشهاتانە و لە ئاستیاندا بێدەنگ بین. پێدڤییە سوود لەم دەرفەتانە وەربگرین و خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەموو ئەگەرەکان.

دەبێ کورد چی بکات؟

کوردی ڕۆژهەڵات

پێویستە ئامادەسازی بکات بۆ خۆ ڕێکخستنەوە بۆ هەموو ئەگەرەکان لە داوی ڕووخانی ڕژیم. کوردانی ڕۆژهەڵات باشترین دەرفەتیان هەیە بۆ گێڕانەوەی مافە نەتەوەیی یەکانی گەلی کورد لەو بەشە. دەبێ کوردانی ڕۆژهەڵات هەڵەکانی کوردی باشوور دووبارە نەکەنەوە و بەرەیەکی نیشتمانی پێک بهێنن بۆ وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی یەکانیان. گریمان کوردانی ڕۆژهەڵات نەشتوانن لە ئێران جیا ببنەوە، نابێ بە هەرێمێکی فیدرالی کەمتر ڕازی بن. ئەمە پێویستە بخرێتە ناو چوارچێوەی ستراتیژییەتی کاری حیزبی و بەرەی نیشتمانی و تێکڕا کار بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە بکەن. ئێستا کاتی یەکگرتن و یەکڕیزییی نیشتمانی یەو دەبێ بيرتهسكيى حزبايهتى وەلا بنرێ و لە ژێر دەواری نیشتمانی خۆیان ڕێک بخەنەوە.

کوردی باشوور

لە پاش قەیرانی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، کوردی باشوور بەرەو دواوە پاشەکشەی کردووە و یەکڕیزیی و تەبایی نێوان کورد درزی لێکەوتووە و نەیاران تەراتێن بە ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد و حکومەتی هەرێم دەکەن. دۆخی ئابووری لە قەیرانێکی قوول دایە. هەرچەند ئەم داگیرکارییە بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئێران و حیزبوللای لوبنانی و سورییەوە کرا و ئێراق خۆی بە تەنێ نەیدەتوانی کوردستان داگیر بکات.  دڵنیام لە پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، حکومەتی ئێراق، پاڵپشتە سەرەکییەکەی لە دەست دەدات و لە وانەیە لە نێو خۆشیان شەڕێکی مەزن بۆ دەستەڵات ڕوو بدات. بۆیە ئێراقێکی لاواز ناتوانێ بەرامبەر هێزی پێشمەرگە بوەستێ و پێویستە کورد سود لەم دوایین دەرفەتە وەربگرێ و داخوازییە دێرینەکانی بێنێتە دی. هەندێ لەو خاڵانەی پێویستە کورد ڕەچاوی بکات بریتین لە:

- هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. ئەمە شەرعیەتێکی یاسایی بە حکومەتی هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە دەدات.

- کاراکردنەوەی پەرلەمان بە نوێنەرانی دڵسۆز و نیشتمانپەروە  و دەرچواندنی یاسای خیانەت و هەروەها دادگایی کردنی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو بە شێوەیەکی یاسایی ڕووبەڕووی ببنەوە؛ بۆ ئەوەی دیاردەی نەگریسی خیانەت نەبێتە باو لە داهاتوو.

- بۆ پەرەپێدانی شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەلێ پێویستە پەرلەمانی داهاتوو ڕۆلی چاودێر و دادوەر بگێڕێ لە فرۆشتنی نەوت و غاز و جێبەجێکردنی پرۆژە نیشتمانی یەکانی تر و هەموو ئەنجامەکانیشی بە ئاماری راستەقینەوە بخاتە بەردەم هاووڵاتیان.

- بەردەوامبوونی حکومەت بە پرۆسەی دژە گەندەلی و پاک کردنەوەی لیستی مووچەخۆران و بنبڕکردنی مووچەی بن دیوار و وەهمی و دزی و داڕشتنەوەی یەکسانانەی مووچەکان.

- حکومەت کاربکات بۆ ئابوورییەکی ئالتەرناتیڤ. بێجگە لە نەوت هەر چی زووتر پرۆژەی بۆڕیی غاز تەواو بکات بۆ هەناردە کردن، هەروەها کەرتی کشت و کاڵ و پیشەسازیی ببوژێنێتەوە بە ئاسانکاریی بۆ وەبەرهێنەران و یارمەتی و پشتیوانی جووتیاران.

- حکومەت کار بکات بۆ تێپەڕاندنی بۆڕییەکی تری نەوت و گاز لە ناو ڕۆژئاوای کوردستان بۆ سەر دەریای ناوه‌ڕاست. لەمەش دا گاسپرۆم دەتوانێ ڕۆڵیکی کاریگەر بگیڕێ چونکە سوریا جێی نفوزی ڕوسیایە.

- یەکخستنی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری حکومەتی هەرێم و گەڕانەوەی ئینتیما بۆ حکومەت و گەل و نیشتمان لە بری ئینتیما بۆ کەسەکان. چونکە ئینتئما بۆ کەسەکان دەبێتە چێکردنی مافیای چەکداری، وەلێ ئینتیمای نەتەوەیی دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوەی ڕیزی پێشمەرگەکان بۆ ستراتیژیەتی نەتەوەیی.

- دانیشتن لە گەل تورکیا و هەوڵ بدرێ هەندێ ئیمتیازاتی پێ بدرێ بۆ ئەوەی لەم جیابوونەوە لە ئێراق بێدەنگ بێ ئەگەر یارمەتیدەریشمان نەبێ. تەنانەت ئەلترناتیڤی کۆنفیدرالی لە گەل تورکیاش زۆر ئاسایی یە و هەنگاوێکی تر لە ئەوروپا نزیکترمان دەکاتەوە.

- ئازاد کردنەوەی سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان و بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی رێفراندۆم و دەستبەجێ جیابوونەوە لە ئێراق.