سوكایهتییهكانى سۆشیال میدیا
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى سۆشیال میدیا گۆڕانێكى زۆرى له دونیاى میدیا، سیاسه‌ت، په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى، دروستكردووه، لێ زه‌حمه‌ته هیچ میلله‌تێك به‌قه‌د كورد، به‌و شێوه نه‌رێنییه به‌كارى بهێنێت.
له دونیادا، سۆشیال میدیا زیاتر بۆ بوارى زانستى، رێكلام و بازرگانى، په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى سوودى لێوه‌رده‌گیرێت، زۆر به‌كه‌مى بۆ ململانێى سیاسیى كه‌ڵكى لێوه‌رده‌گیرێت، راسته كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان، په‌یام و بۆچوون و بانگه‌شه‌كانیان له رێى سۆشیال میدیا، به (تایبه‌ت تویته‌ر) بڵاوده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى لۆژیكیانه.
ئه‌و فهوزایهى له كوردستاندا دونیاى سۆشیال میدیاى گرتۆته‌وه، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت گرفته‌كه له خودى سۆشیال میدیادا بێت، كه به ئامانجى سوود گه‌یاندن به مرۆڤایه‌تى و كورتكردنه‌وه‌ى رێگه دووره‌كان هاتۆته كایه‌وه، به‌ڵكوو گرفته‌كه له خودى بهكارهێنانیهتى، به‌و شێوه‌یه‌ى هه‌نووكه.
ئێستا له نێو به‌كارهێنه‌رانى سۆشیال میدیا (به تایبه‌ت له رێى فه‌یسبووك) نه‌وه‌یه‌ك هاتۆته پێشه‌وه، به ئاشكرا‌و و ناو و وێنه‌ى خۆى، ئیش له‌سه‌ر ناشیرینكردنى هه‌موو شتێك به گه‌وره و بچووكییه‌وه ده‌كات، نه‌ك ته‌نیا به سوكایه‌تى و لێدان له كه‌سایه‌تییه‌كان ناوه‌ستێ، به‌ڵكو په‌لامارى مێژوو و سه‌روه‌رییه‌كان، تێكۆشه‌ر و شه‌هیدانى رێگه‌ى ئازادى، خاك و نیشتمانیش ده‌دات. به سه‌رنجدان له كۆمێنتهكانى پۆستێكى فه‌یسبووك، به‌تایبه‌ت كۆمێنتى هه‌واڵى وێبسایته‌كان، زۆر به زه‌قى تێگه‌یشتن و ئاستنزمى زۆرێك له‌و بهكارهێنهرانهمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
هه‌روه‌ك له ده‌ره‌وه‌ى هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان، جنێوفرۆشى، رق و كینه، تۆمه‌تهه‌ڵبه‌ستن، درۆى شاخدار و حوكمى پێشوه‌خته بووه‌ته به‌شێك له تێگه‌یشتن و زمان و مامه‌ڵه‌یان. به ئاشكرا هانى توندوتیژى، ره‌گه‌زپه‌رستى، یه‌كتر سڕینه‌وه ده‌درێت، ئه‌و په‌ڕى سوكایه‌تی به ئه‌م و ئه‌و ده‌كرێت، تاراده‌ی ستایشكردنى داگیركه‌رانى خاك و دوژمنانى له‌مێژینه‌ى میلله‌ته‌كه‌مان.
واز له‌و په‌یج و ئه‌كاونته ساخته و وه‌همیانه بێنه، كه به ئامانجى شكاندنى ئه‌م و ئه‌و دروستكراون و مایه‌ى شه‌رمه‌زارین. لێ كاره‌ساته‌كه گه‌وره‌تر ده‌بێ، كاتێك ده‌بینیت كه‌سانێك بێشه‌رمانه، به وێنه و ناوى راسته‌قینه‌ى خۆیان هه‌موو ئه‌ركیان بووه‌ته سوكایه‌تیكردن به خه‌ڵكى و بڵاوكردنه‌وه‌ى تۆوى رق و ره‌شبینیی.
كه‌سى وا هه‌یه، له پرۆفایلهكهیدا نووسراوه توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى، كه‌چى به سه‌رنجدان له پۆست و كۆمێنتهكانى، له ناوه‌وه‌یدا خاڵییه له ره‌وشت. ئه‌وه‌ى دیكه، مامۆستایه و ئه‌ركى په‌روه‌رده‌كردنى نه‌وه‌یه‌كى له ئه‌ستۆ دایه، كه‌چى له زمان پیسى و پۆخڵیدا، كه‌س شان له شانى نادات.
دۆخه‌كه هه‌ر به‌وه‌ش ناوه‌ستێ، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ى تر ناخۆش ده‌بێ كاتێك ده‌رگاكانى بینینى گرته و دیمه‌نى قێزه‌ون و نه‌شیاو و خوێندنه‌وه‌ى پۆست و كۆمێنتى پڕ له جنێو و ناشیرین، به‌ڕووى منداڵانیش واڵا كراون، ئه‌مه‌ش واده‌كات كاریگه‌رى نێگه‌تیڤى ئه‌و مامه‌ڵه خراپه زۆر زیاتر بێ و مه‌یلى شه‌ڕه‌نگێزى و زمانپیسى لاى ئه‌و نه‌وه هه‌ستیاره‌ش بچه‌سپێ و خۆى دووباره‌ى بكاته‌وه.
پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و هه‌موو جنێو و سووكایه‌تییه، ئه‌و هه‌موو رق و كینه و ناشیرینیهى له دونیاى سۆشیال میدیادا ده‌یبنین، رووخسارى راسته‌قینه‌ى خۆمان ده‌رده‌خات و له بنیاته‌وه هه‌ڵگرى ئه‌و هه‌موو ناشیرینیهین؟ یان ئه‌وه‌ى ده‌یبنین، دیارهیهكى نامۆیه به مێژوو و كولتوور و رۆحى كورد؟
مێژوو پێمانده‌ڵێت، ئه‌و زماندرێژى و جنێوفرۆشیهى به‌شداربووانى سۆشیال میدیا به‌رهه‌میده‌هێنن، دیارده‌یه‌ك نییه پشت ئه‌ستوور به پاشخانێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و كولتووریى، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كه به‌رهه‌مى بیركردنه‌وه‌یه‌كى هه‌نووكه‌یى و سهرپێیانهى بهكارهێنهرانیهتى، نه‌ك واقیعێكى مێژوویى.
هه‌رچۆنێك بێت، كۆنترۆڵكردنى ئه‌م فه‌وزا و بێسه‌روبه‌ریه، له ده‌ره‌وه‌ى گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌روه‌رده‌یه‌كى ته‌ندروست و ویژدان و هه‌ستى به‌رپرسیاریه‌تى، پێویستى به میكانیزمێكى رێكخرا هه‌یه، به‌تایبه‌ت زه‌رووره‌تى یاسایه‌كى تایبه‌تمه‌ند به سۆشیال میدیا، هه‌روه‌ك هه‌نووكه له چه‌ند وڵاتێك ئه‌و دۆخه به یاسا رێكخراوه. به‌م دوایه‌ش ئه‌ڵمانیا كار له‌سه‌ر یاساى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى بانگه‌شه‌كارانى توندوتیژى و ره‌گه‌زپه‌رستى و بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى ناڕاست و سوكایه‌تیكردن به تاكه‌كانى ئه‌و وڵاته ده‌كات.