مامەڵەی ئەویش دەبینین

Kurd24

‎مستەفا كازمی شوێنی عادل عەبدولمەهدی گرتەوە. راستە كورد هیچ تێبینییەكی لە سەر كازمی نییە و بە دۆستی خۆشی دەزانێ‌، بەڵام بیرماننەچێت، كورد لە كاتی دەستبەكاربوونی (عادل عەبدولمەهدی)یش هەمان بۆچوونی هەبوو. دۆستایەتی كورد و عادل عەبدولمەهدی زۆر لە دۆستایەتییەكەی كازمی توندوتۆڵترە، بەڵام بەر لە ماڵئاوایكردن لە كورسی حوكمڕانی وەك سەرۆك وەزیرانی پێشخۆی لە رقی نەبوونی پشتیوانی كورد بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، دەستەڵاتی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بە ئەمین عامێك سپارد.
‎(حەیدەر عەبادی)یش كاتی بوونی بە سەرۆك وەزیران، بە كەسێكی توندڕەو نەدەزانرا، بەڵام بە ماوەیەكی كەم، زۆر هەڵوێستی دوژمنكارانەی نواندن. لە سەردەمی عەبادی، كوردستان رووبەڕووی هێرشی دڕندانەی سوپا و حەشدی شەعبی بووەوە، بە هەزاران خێزانی كورد لە كەركووك و خورماتوو و خانەقین ئاوارە و دەربەدەر بوون، خوێنێكی زۆری پێشمەرگە و رۆڵەكانی كورد بەدەستی هێزەكانی عێراق رژا.
‎سەركردە و سیاسەتمەدارانی عێراق، لە رووی پابەندبوونی مەزهەبی و ئایینی و وابەستەییان بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت، زۆر لەیەك دەچن. بە میرات بۆیان ماوەتەوە، بە چاوێكی كەمتر لە عەرەب، سەیری كورد بكەن، كورد هەر رێگە و هەنگاوێك بگرێتەبەر، هەر جیاخواز و ناحەزی یەكپارچەیی عێراقە، بۆیە نابێ‌ دڵمان بە (توویت)ێكی كوردی كازمی خۆش بێت، ئەوانی تریش بە رواڵەت هیچیان لە خۆیان نەدەهێشتەوە، بەڵام بە كردەوە، خراپی نەما نەیكەن، ئەگەر بۆیان بلوا بووایە لە چاوتروكانێك هەموو كوردیان لەسەر خاكی کوردستان دەسڕیەوە.
‎راستە هەنووكە جگە لە بەشداربوون لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، ئەلتەرناتیڤێكی دیكە لە ئارادا نییە، بەڵام هەستیاریش خراپ نییە.
‎ناكرێ‌ بێ لێكدانەوە و گەیشتن بە بڕوا و دڵنیاییەكی تەواو، دەهۆڵ بۆ ئایندە بكوتین، راستە كازمی نوێیە و تاقینەكراوەتەوە، بەڵام تێكەڵبوون و خوێندنەوەی كەشوهەوای سیاسی و واقیعحاڵی عێراق، بۆ كورد نە نوێیە و نە شاراوەشە. دوور نییە ئەزموونی تاڵی سەردەمی مالیكی و عەبادی و ئەوانی پێشتر و دواتریش، لە سەردەمی كازمی دووبارە ببێتەوە. عێراق وڵاتی پێكەوەژیان و متمانە نییە، ئەوەی لە پرۆسەی سیاسی دەگوزەرێت، هیچ نرخ و بەهایەكی نییە.
‎نەبوونی گەرەنتیەكی راستەقینە، وەك ئەوە وایە ئیرادەی میللەتێك بخرێتە لەپی دێوەوە. هەقی خۆتانە بپرسن، ئەی چارەسەر چییە؟ ئەمڕۆ بارودۆخی سیاسی نێوخۆیی و هەرێمی لە قازانجی كورد نییە، بۆیە ئەوەش ناكرێ‌ لەبەر ئەقڵیەت و تێگەیشتنی نەرێنی سەركردە لەیەكچووەكانی عێراق، كورد لە پرۆسەی سیاسی بكشێتەوە و بەشداری لە كابینەی كازمی نەكات. بەڵام لەگەڵ ئەوەش، ناكرێ‌ ئەو بەشداربوونە، هەستی ئەوەمان پێببەخشێت لە ئەنجامی دۆڕان و ملكەچبوونە بۆ ئیرادەی فەرمانڕەوایانی بەغدا.
‎بینینی نەخشەی سیاسی عێراق بەو فۆرمە، نە لە رەشبینیە و نە لە گەشبینیشە، بەڵكو هەڵقووڵاوی ئەزموون و تێگەیشتنی ئەوانەیە، كە كوێرانە حوكمی وڵات دەكەن و راستییەكان دەشارنەوە، نە مێژوو دەخوێننەوە و نە دەرس لە رابردووی تاڵ و نەهامەتییەكان وەردەگرن.
‎هەقیقەتێک هەیە نکۆڵی لێناکرێت، مانەوەی کورد لە تێنوویەتی و خۆشەویستی نییە بۆ عێراقی بە زۆر پێکەوە لکێندراو، بەڵکو لە ناچارییە.
‎ چونکێ چاوەڕوانی پاشەڕۆژێكی باش لە عێرق، لە وەهم و خۆهەڵخەڵەتاندن زیاتر نییە، بەڵام مانەوە بە خۆڕاگری و پاراستنی گیانی بەرگریكردن لە میللەت و دڵنیابوون لە داهاتووەكەی و گەڕان بەدوای ئەلتەرناتیڤی باشتر، پاشەكشێ‌ قبووڵ ناکەن.
‎هەڵەیە لە دەرەوەی گەرەنتی تەواو و دەستەبەری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، بڕیاری پێشوەختە لە بارەی باشی كەسێك بدرێت، كە جارێ نازانرێ‌ فەرمان لە کوێ وەردەگرێ و نیاز و پلانەكانی، هەروەها فشارە نێوخۆیی و دەرەكییەكان، بەرەو كوێی دەبەن. دوور ناڕۆین، مامەڵەی ئەویش دەبینین.