سه‌رۆك بارزانی: بژاردەی سەرەكی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغێكدا ئاشتی بووە

شاندی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە

K24 - هه‌ولێر:

شاندێكی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هەدەپە) بە سەرۆکایەتی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی كۆبوونه‌وه‌.

شاندی باڵای پارتی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە) پێكهاتبوو لە پەروین بۆڵدان هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە و ئۆسمان بایدەمیر و فەلەكناز ئۆجا و ئیمام تاشجیەر و زەینەب بۆغا پارلەمانتارانی هەدەپە و موزەیەن گونەش و عابید ئیكە نوێنەرانی ئەو حزبە لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا شاندی باڵای هەدەپە سەرەخۆشییان لە سەرۆك بارزانی كرد بەبۆنەی كۆچی دوایی دلۆڤان ئیدریس بارزانی و هاوخەمیی خۆیان بۆ سەرۆك بارزانی دەربڕی. وێڕای ئاماژەدان بە كێشە و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كوردستان لە توركیا و عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ڕۆژئاوا و شەڕی عەفرین ئەوەیان خستەڕوو كە دیداریان لەگەڵ سەرۆك بارزانی لەو كات و ساتەدا زۆر مانا دەگەیێنێت.

هەروەها ڕۆشناییان خستەسەر رووداوەكانی دوای ریفراندۆم و جەختیان لەوە كردەوە كە كێشەكانی بەردەم گەلی كوردستان لە ناوچەكەدا پەیوەستە بە یەكتر و داوای هەماهەنگی و راوێژی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردیان كرد.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان باسیان لە دەرئەنجامی كۆنگرەی حزبەكەیان كرد و كورتەیەكیان لە رەوشی سیاسیی توركیا و بارودۆخی هاووڵاتیانی كورد و كار و چالاكییەكانی هەدەپە بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی باڵای هەدەپەی كرد و سوپاسی هەڵوێستی ئەو حزبە و كوردانی باكووری كرد.

هەروەها رۆشنایی خستەسەر وردەكاری رووداوەكانی دوای ریفراندۆم و تەئكیدی لەوە كردەوە كە بژاردەی سەرەكیی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغێكدا ئاشتی بووە و هەمیشە شەڕی بەسەردا سەپێندراوە.

سەرۆك بارزانی داوایشی كرد كە پێویستە هەموومان لەسەر ڕێگەچارەی واقعیانە و ئاشتیانە بگەینە ئەنجام و لەگەڵ ئەوەیشدا زمانی زۆرداری و چەك و خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەسەر پێشهاتە نوێیەكان و رێگەچارەسەرەكان لە پەیوەندی و راوێژی بەردەوامدا بن.

لەو كۆبوونەوەیەدا ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی و ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان ئامادە بوون.