ئه‌مریكا لێدان له هێزه‌كانی رووسیا له سووریا به‌دوور نازانێ
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مریكا ئاماژه‌ی گورزسره‌واندنه هێزه‌كانی رووسیا له سووریا ده‌دات و ساره سانده‌رز، گوته‌بێژی كۆشكی سپی، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌دووری نه‌زانیوه هێزه‌كانی رووسیا له سووریا له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه بكرێنه ئامانج.
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی مه‌به‌ستی هه‌ڕه‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له رووسیا چییه كه رۆژی چوارشه‌ممه 11/4/2018 له تویته‌ره‌وه رایگه‌یاند؟. له وه‌ڵامدا گوته‌بێژه‌كه‌ی كۆشكی سپی گووتی: "واتای ئه‌وه‌یه هه‌موو بژارده‌كان له به‌رچاو ده‌گیرێت".
سانده‌رز رایگه‌یاند: "هه‌واڵگری ئه‌مریكا زانیاری و به‌ڵگه‌یان پێشكه‌شكردووه كه هیچ گومانێك ناهێڵنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له غوته‌ی رۆژهه‌ڵات چه‌كی كیمیایی به‌كارهێناوه".
هه‌روه‌ها گووتی: "وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی هێشتا یه‌كێكه له بژارده‌كانی كاركردن و ئه‌گه‌ری هه‌یه سه‌رۆك تره‌مپ په‌نای بۆ ببات، به‌ڵام ھێشتا گفتوگۆ له‌نێوان واشنتن و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ گه‌یشتنه بریارێك به‌رده‌وامه".
رۆژی چوارشه‌ممه 12/4/2018 تره‌مپ له تویته‌ره‌وه نووسی "رووسیا ده‌ڵێت مووشه‌كه‌كانتان تێكده‌شكێنین، با رووسیا خۆی بۆ مووشه‌كه نوێ و جوان و زیره‌كه‌كانمان ئاماده بكات و نابێت خۆی بكاته هاوبه‌شی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی به چه‌كی كیمیایی خه‌ڵكی خۆی ده‌كوژێت و چێژی لێوه‌رده‌گرێت".