ئێران دەست بە سوتاندنی ئاڵای ئەمریكا دەكاتەوە
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران راگه‌یاند، ئێران دەستی بە سوتاندنی ئاڵای ئەمریكا كردەوە.
لە نێو هاواری ئەڵاهوئەکبەر و مەرگ بۆ ئەمریکا، پەرلەمانی ئێران دانیشتنی خۆی بۆ گفتوگۆ لەبارەی پرسی پاشەکشەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێکرد، توڕەیی لای پەرلەمانتاران روون بوو هەندێك بە جۆرێك توڕەبوون ئاڵای ئەمریکایان سوتاند، سەرۆکی پەرلەمانیش تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی وڵاتانی ئەورووپا و رەوسیا و چین.
لە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران‌دا، ئەندامانی پەرلەمان ئاڵای ئەمریکایان سوتاند و درووشمی مەرگ بۆ ئەمریکایان گوتەوە، سەرۆکی پەرلەمان داوای‌کرد وڵاتەکەی چالاکییە ئەتۆمییەکان دەست پێبکاتەوە و ئاماژەی بەوەشدا، کە تەنها چەند هەفتەیەك لەبەردەم رووسیا و چین و ئەورووپایە تا ئەو کەموکوڕیانە چارەسەر بکەن، کە لە ئەنجامی پاشەکشەی ئەمریکا دروست بووە.
عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر ئەورووپا و وڵاتانی زلهێزی وەک رووسیا و چین بتوانن بۆشاییەکان پڕبکەنەوە، ئەوا ئێران لە رێکكەوتنەکە بەردەوام دەبێت، ئەگەر نا ئێمە ئەمریکا بەهۆش دەهێنینەوە تا بزانن ئەم سزایانە ئێران ناچار ناکات. پێویستە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم چاودێری دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانمان بکات دواتر وەزارەتی دەرەوە ئەنجامی گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەورووپا پێ بڵێت".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی: "ئەو ماوەیەی کە ئێران لەگەڵ ئەوروپا گفتوگۆی تێدا دەکات چەند هەفتەیەکە و ئەورووپا دەتوانێ بیسەلمێنێ کە ئایا رێککەوتنەکە بەردەوام دەبێت یان نا، دەبێت بیسەلمینێ کە ئایا دەتوانێ چارەسەری کێشە نێودەوڵەتییەکان بکات یان نا".
رۆژی 8/5/2018، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران راگه‌یاند و جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌یتوانیوه رێگری له ته‌شه‌نه‌كردنی تیرۆریستان بكات.
ترەمپ راشیگەیاند، كه‌موكوڕی زۆر له رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئێران و وڵاتانی گروپی 5 +1 له‌باره‌ی پرۆگرامی ئه‌تۆمی تاران هه‌یه و، وێڕای ئه‌و هه‌موو كه‌موكوڕیانه‌ش، كۆماری ئیسلامی پابه‌ندی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه نه‌بووه. رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران، كۆسپه‌كانی به‌رده‌م تارانی هه‌ڵگرت و رێگه‌كه‌ی فراوانتر كرد، بۆئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی له‌ناوچه‌كه‌دا فراوان بكات و ده‌ست بخاته كاروباری ناوخۆی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".
ھ.م