ئەردۆغان له‌ ده‌میرتاش ده‌ترسێ

"هێشتا داوای سزادانی ده‌كات و پێیوایه‌ شایەنی ئەوە نیە کەمپینی هەڵبژاردن لە دەرەوەی زیندان بکات"

K24 - هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکكۆماری تورکیا، داوا لە دادگای تورکیا دەکات پەلە بکەن لە سزادانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا، كه‌ ئێستا بە بیانووی تێوەگلانی لەکارەکانی پەکەکەوه‌ لە زیندان دایە.

بە گوێرەی هەواڵێکی پێگەی ئەلیکترۆنی ئەلمۆنیتەر، ئەردۆغان لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پارێزگای کۆجائێلی تورکیا لەبارەی بانگەشەی دەمیرتاش لە زیندانەوە گووتویەتی: " ئەو پیاوە ئێستا دەستگیرکراوە، وانیە؟ بەڵێ، پێویستە دادگا پەلە بکات لە بڕیاردان لە چارەنووسی".

لە تشرینی دووەمی ساڵی 2016، دەمیرتاش بە تۆمەتی "چالاکی تیرۆرستی" و پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکرا و ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا بسەپێت، دەبێت 125 ساڵ لە ژوورەکانی زیندانی تورکیا بمێنێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، نەیارانی ئەردۆغان و هەوادارانی هەدەپە، داوا دەکەن دەمیرتاش ئازاد بکرێت تاکو بتوانێت کەمپینی هەڵبژاردنەکانی لە دەرەوەی زیندان بەڕێوەببات.

ئەردۆغان لە وەڵامی ئەو داوایەشدا گووتی: " پارتەکەی کەمپینی بۆ ئەنجام دەدەن. ئەوە زیاترە لەوەی کە خۆی شایەنییەتی".

دەمیرتاش ئێستا هیوای بە دەنگدەرانی تورکیایە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: " رۆژی 24ی حوزەیران، خەڵک ناوی من دەخەنە ناو سندوقەکانی دەنگدان و ئەوەش زیرەکانەترین وەڵام دەبێت".